"ڕێژەی بێکاری لە ڕاپەرین ٧٠٪یەو ژنان بەشی زۆری ئەم ڕێژەیەن"

ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣ لە سنووری قەڵادزێ ڕێژەی بێکاری ٧٠٪بووە کە ژنان بەشی هەرە زۆری ئەم ڕێژەیە پێکدەهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی دووەم، لە شارۆچکەی قەڵادزێ، لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕینى سەر بە سلێمانى ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری بێکاری و جیابوونەوەی هاوژینانی لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند.

 

ئاماژە بەوەکرا، ڕێژەی بێکاری ساڵى ڕابردوو لە مەترسیدارترین ئاستدا بووە بەهۆی ئەوەی، کە ئەو ناوچەیە پەراوێز خراوە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بە زوترین کات بە هانای ئەم ناوچەیە و گەنجانەوە بچێت.

 

ژنان بەشی گەورەی ڕێژەی بێکاری پێکدەهێنن

ڕێکخراوەکە ئاشکرایکرد، ڕێژەی بێکاری لە سنوورەکەدا ٧٠٪ی تێپەڕاندوە کە ژنان بەشی هەرە زۆری ئەم ڕێژەیەیان بەردەکەوێت، ٣٠٪ش خاوەن کارو موچەخۆران و فەرمان بەرانن، کە ئەمەش کارەساتێکی مرۆییە.

 

سەبارەت بە ئاماری جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەوەشخراوەتەڕوو، تەنها لە ساڵى ڕابردوو لە سنووری ڕاپەڕیندا ڕێژەی جیابوونەوە ٧١٪ی تێپەڕاندوە، هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەکانیش بۆ بێکاری و کۆچی گەنجان دەگەڕێتەوە.