کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران: ٩٠٪ی ئاوارەکانی سودان ژن و منداڵن

لە دەستپێکی شەڕی سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئەو کەسانەی لە شەڕەکە هەڵدێن و بوونەتە پەنابەری ناوخۆیی و دەرەکی کارەساتێکی مرۆیی بووەو ٩٠٪ی ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران "UNHCR" ، قەیرانی ئاوارەبوون بەهۆی ناکۆکییەکانی سودانەوە بەردەوامە و نزیکەی ٦ ملیۆن کەس بەهۆی ناکۆکییەکانەوە ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن و ژنان و منداڵان نزیکەی ٩٠٪ی ئاوارەکان پێکدەهێنن.

 

بەڕێوەبەری نوسینگەی هەرێمی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و نوسینگەی پەنابەرانی دەریاچە مەزنەکان ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەم وتی: بارودۆخی سودان یەکێکە لە گەورەترین قەیرانەکانی پاراستن کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە.

 

"ژمارەیەکی زۆر لە حاڵەتەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی هەبووە"

سەبارەت بەو ئازارانەی کە ڕووبەڕووی ئەو خێزانانە بوونەتەوە کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا هەڵهاتوون، ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتی گەشتەکەیاندا بۆ گەڕان بەدوای سەلامەتیدا، ڕووبەڕووی چەندین مەترسی بوونەتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر خێزان لە یەکتر جیابوونەتەوە لە کاتی هەڵهاتنیاندا، زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ژمارەیەکی زۆر لە حاڵەتەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی سەلماندووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بەدخۆراکی کە ڕووبەڕووی دانیشتوان دەبێتەوە بەتایبەتی منداڵان.

 

وتیشی: خۆم ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤم بینیوە و شاهیدی ئەوەم کە لە ناو سوداندا ڕوویداوە، بۆیە ئەوەی لەو کەسانەوە بیستوومە کە سنوورەکەیان تێپەڕاندووە بەڕاستی دڵتەزێنە، ئەمە قەیرانی پاراستنە کە ڕووبەڕووی دەبینەوە و ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە.

 

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری نوسینگەی هەرێمی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ڕۆژئاوا و ئەفریقای ناوڕاست ڕایگەیاند، زیاتر لە ٤٢٠ هەزار پەنابەری نوێ لە چاد و نزیکەی ١٩ هەزار پەنابەر لە کۆماری ئەفریقای ناوەندی هەن، لە ٥ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چاد پەنابەری زیاتری وەرگرتووە لەوەی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا میوانداری کردووە.

 

کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەوەیخستەڕوو، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی پەنابەران لە چاد بگاتە نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە سەرەتای شەڕەکەوە گەیشتوونەتە میسر گەیشتووەتە ٣٠٠ هەزار کەس، ٦ ملیۆن سودانی لە میسر بوون پێش دەستپێکردنی شەڕەکە.