ژنانی عەدەن گردبوونەوە و داوای دادگاییکردنی بکوژی فاتیمە عومەر دەکەن

ژنانی شاری عەدەنی پایتەختی یەمەن، بە مەبەستی داوای دادپەروەری بۆ فاتیمە عومەر، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم بینای داواکاری گشتی ڕێکخست.

عەدەن

 

دوێنێ، ٧ی ئاب، ژنانی شاری عەدەنی پایتەختی یەمەن، لەبەردەم بینای داواکاری گشتی شارەکە گردبوونەوە و بە بەرزکردنەوەی لافیتە و وتنەوەی دروشم، داوای یەکلاییکردنەوەی خێرای دۆسیەی کوشتنی فاتیمە عومەر و جێبەجێکردنی سزای بکوژیان کرد.

 

ڤالێنتینا مەهدی، ئەندامی ئەنجومەن لە عەدەن لە بارەی کەیسی کوشتنی فاتیمە عومەرەوە وتی: بڵاوبوونەوەی چەک و مادەی هۆشبەر ژمارەی کوشتنی زیاتر کردووە، بەتایبەتی لە شاری عەدەن کە پێشتر حاڵەتی هاوشێوەی نەبووە، وەک کوشتنی حەنین ئەلبەکری منداڵ، دواتر کوشتنی فاتیمە عومەر و چەندانی دیکە، کە بوونە هۆی تیرۆر و نائەمنی لە شارەکەدا.

 

ڤالێنتینا مەهدی داوای لە دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەخێرایی بڕیار لەسەر دۆسیەی کوشتنی فاتیمە عومەر بدەن و دادپەروەری پکبهێنن، چونکحە ڕوونە کە لایەنەکانی تاوانەکە لەم دۆسیەیەدا تەواون و دەبێت سزاکەی جێبەجێ بکرێت، تا ببێتە نموونەیەک بۆ کەسانی دیکە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە نەبنەوە.

 

دۆسیەی فاتیمە محەمەد عومەر، یەکێکە لەو دۆسیانەی کە ڕای گشتی جوڵاند، دوای ئەوەی تۆمەتبار، موحسین ڕەشاد موحسن، لە یەکەمی مانگی ئابدا، فاتیمەی ٢٣ سای لە ناوەندێکی بازرگانی کوشت، کە هەردووکیان تیایدا کاریان دەکرد، لە کوشتنەکەدا ١٠ جار چەقۆی لێدا و چەقۆکەی لە چاوی ڕاستیدا بەجێهێشت، فاتیمە بەهۆی کاریگەری برینی چەقۆکەوە گیانی لەدەستدا.