فروزان عەبدوڵایی: پاسکیلسواری ژنان لە لێواری لەناوچووندایە

فروزان عەبدوڵایی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هیچ پاڵپشتییەک بۆ پاسکیلسواری ژنان نییە، وتی: نەبوونی پارە و کەمی کەرەستە و نەبوونی پاسکیل بۆ ئەم بوارە لە فیدراسیۆندا، بەشێکە لە کێشەکانی ژنانی پاسکیلسوار.

ناوەندی هەواڵ

 

فروزان عەبدوڵایی، پاسکیلسواری ئێرانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای ناوخۆیی، باسی لە گرفتەکانی ژنانی پاسکیلسواز کرد و وتی: جگە لە پاڵەوانێتی ئاسیا هیچ بەشدارییەکی دیکەمان نییە، هەمیشە دوو قۆناغی خولەکەمان هەبوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو تەنانەت یەک قۆناغیش ئەنجام نەدرا، بەم هۆیەوە خواستی وەزرشوان لەناو دەچێت، من خۆم دەڵێم ئەم هەموو مەترسیانە دەخەینە بەرچاو و سەرەرای مەترسی ڕێگاکان ڕاهێنان دەکەین، لە کۆتاییدا دەگەین بە چی؟، ئێمە هەموو تەمەنمان بۆ ئەم بوارە تەرخان دەکەین بەڵام هیچ دەستکەوتێکمان نییە، من نامەوێت کەسێکی دیاریکراو تاوانبار بکەم و نازانم کێ دەبێت بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێت لەم بوارەدا بۆ پاڵنانی یانەکان و سپۆنسەرەکان بەرەو پاسکیلسواری و گەورەکردنی ئەم بوارە. پاسکیلسواری لەبری ئەوەی ساڵانە بەرەوپێش بچێت، بەرەو پاش دەچێت.

 

فروزان عەبدوڵایی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی هیچ پاڵپشتییەک بۆ پاسکیلسواری ژنان نییە، ئاماژەی بەوەدا کە نەبوونی پارە و کەمی کەرەستە و نەبوونی پاسکیل لە فیدراسیۆندا بەشێکە لە کێشەکانی ژنانی پاسکیلسوار، هەروەها بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە پاسکیلسوارەکان خۆیان توانای دابینکردنی ئامێرەکانیان نییه، هەندێکجاریش پیداویستییەکانیان لە پاسکیلسوارە پیاوەکان قەرز دەکەن.

 

لەلایەکی دیکەوە ئەو پاسکیلسوارە خستیەڕوو، هیچ گرێبەستێک لە خولەکەدا بۆ ژنان نییە، ئاماژەی بە سەرکەوتنی ژمارەیەک پاسکیلسواریش کرد کە بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی حکومەتەوە پەیوەندییان بە تیپە بیانییەکانەوە کردووە، چونکە ئەو خەرجییانەی بۆ پاسکیلسوارانی ژن لەبەرچاو گیراوە زۆر کەمە و بۆ هەر مەدالیایەک تەنها ٢ ملیۆن تمەن وەردەگرن.