بڕینی ئاو لەلایەن تورکیاوە ئازاری ژنانی شاری حەسەکە زیاتر دەکات

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدەست پچڕانی تەواوەتی ئاوەوە دەناڵێنێت.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- ژنانی کانتۆنی حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کۆتایی بە داگیرکاری تورکیا بەرامبەر بە خەڵک بهێنن، بە بەکارهێنانی ئاوی وێستگەی عەلووک وەک چەکی شەڕ لە دژی ئەوان ئازارەکانیان زیاتر دەکات.

 

لەدوای داگیرکردنی سەرێکانی لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١٩، شاری حەسەکە و لادێکانی بەدەست پچڕانی بەردەوامی ئاوی پاکەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە دڵتەزێنەی خەڵکی ناوچەکە تووشی بووە، بێبەشکردنی نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتوانی شارەکە و لادێکانی لە ئاوی خواردنەوە دەبێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی، لە کاتێکدا تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بە بڕینی ئاو سەرپێچی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن.

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ترس لە بڵاوبوونەوەی پەتاکان، ئازاری خەڵک زیاتر دەبێت، بەتایبەتی ژنان، کە بەناچاری ئاوی بیر یان تانکیەکان دەگوازنەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان، هەروەها ناچاربوون بە بڕە پارەیەکی زۆر ئاوی خواردنەوە لە تانکەرەکان بکڕن.

 

ڕۆژی ٣ی تەمموز، بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە کانتۆنی حەسەکە، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕایگەیاند، شاری حەسەکە لە ئەنجامی بڕینی ئاوەکەی تورکیا تووشی نەخۆشی بووە.

 

سەبارەت بە ئازارەکانی ژنان بەهۆی پچڕانی بەردەوامی ئاو لە شارەکە، وەزا سالم، ژنێکی ئاوارەی حەسەکە وتی: "لەو کاتەوەی تورکیا شاری سەرێکانی داگیرکردوە، بەدەست بڕینی بەردەوامی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنین، دۆخی دارایی من زۆر سەختە، بۆیە ناتوانم ئاوی تانکەر بکڕم، چونکە هیچ بژێوییەکم نییە بۆ خۆم و منداڵە هەتیوەکانم، هەندێک جار ناتوانم ئاوی پێویستم دەست بکەوێت، لە کاتژمێرەکانی بەیانیەوە لە ڕیزێکی درێژدا وەستاوین بۆ ئەوەی بە دەستی بەتاڵ نەگەڕێینەوە بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک کە هەوڵی وەرگرتنی ئاو دەدەن."

 

ڕوونیشیکردەوە، خەزانەکانی ناو گەڕەکەکان بەشی خەڵک ناکەن و دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە کۆتایی بە داگیرکاری تورکیا بەرامبەر گەلانی ناوچەکە بهێنن، کار بۆ گەیاندنی ئاو بۆ گەلانی ناوچەکە بکەن.

 

لای خۆیەوە، هەدیە محەممەد سەعید لە شاری حەسەکە باسی ئازارەکانی دەکات بەهۆی پچڕانی ئاوی خواردنەوەی وێستگەی عەلوکەوە، لەدوای داگیرکردنی سەرێکانی لەلایەن تورکیاوە، بەکرێگیراوەکانی بەردەوامن لە بڕینی ئاوی خواردنەوەی شاری حەسەکە، بۆیە ناچارین ئاوی خواردنەوە لە تانکەرەکان بکڕین، نرخەکانیان زۆرە و زۆرجار پیس دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان تووشی نەخۆشییەکانی گەدە و سکچوون ببن، چونکە سەرچاوەی ئەم ئاوە نازانین، کە بۆ چەند ڕۆژێک بەشی ئێمە ناکات بەهۆی پلەی گەرمی زۆر بەرزەوە."

 

وێستگەی عەلوک کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری سەرێکانی، ئاوی زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە شاری حەسەکە و گوندەکانی دابین دەکات، هەروەها ئاوارەبووەکانی ئەو کەمپانە پشتی پێدەبەستن کە لە دوای داگیرکردنی سەرێکانی لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن تورکیاوە دامەزراون.

 

لەگەڵ زیادبوونی ئازارەکانی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ بکات، کۆتایی بە داگیرکارییەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بهێنێت کە قێزەونترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن".