لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٥ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی شێرپەنجە بوون

بەپێی ئامارێک کە لایەن پەرلەمانتارێکی پێشووی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٥ هەزار کەس لە هەرێم تووشی شێرپەنجە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢٥ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ سەنتەرەکەی شێرپەنجە، تۆمارکراون حکومەت لەو هۆکارانە بێدەنگە، کە دەبنە هۆى زۆربوونى حاڵەتەکانى تووشبوون بە شێرپەنجە، لەوانەش پیسکردنى ژینگە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٦هەزار و لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٨ هەزار کەس و لە ساڵی   ٢٠٢٢ زیاتر لە ٩ هەزار کەس و لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ تەنها لە سلێمانی هەزار و ٥٠٠ تووشبوو تۆمار کراون، تێچووی چارەسەری شێرپەنجە بۆ هەر سێ سەنتەرەکە بە شێوەی مامناوەند نزیکەی ١٠٠ ملیار دینارە لە ساڵێکدا، کە نزیکەی ٧٠ ملیۆن دۆلار دەکات، بەڵام حکومەت ئامادە نیە ئەم پارەیە تەرخان بکات، لەکاتێکدا ئەو بڕە تەنها پارەی گەندەڵی چەند کۆمپانیایەکی حزبییە یان بڕێکى ئەو هەموو بەهەدەردانەییە، کە دەکرێت لەم کابینەیەدا.

 

هۆکارەکان بەشێکی ژینگەییە

سەبارەت بە هۆکارەکانى زۆربوونى تووشبوون بە شێرپەنجە، ئەوەی ڕاگەیاندووە، بەشێکیان ژینگەیین و بە شێکی دیکەشیان دەستکردن، حکومەت لێیان بێدەنگە، وەکو بەنزینی تێکەڵکراو، دووکەڵی مۆلیدە تایبەتەکان، دەرمانی بەسەرچوو و خواردنی کوالێتی خراپ و ماوە بەسەرچو و دەیان هۆکاری دیکە، بەڵام هیچ ڕێکارێک نەگیراوەتە بەر بۆ کەمکردنەوەی حەجمی ئەم کارەساتە.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان بەشێک لە کارگە گەورەکان شەوان فلتەرەکانییان دەکوژێننەوە و ئەو ژەهرە بڵاو دەکەنەوە و هیچ کەسێکیش قسە ناکات، ئەمەش هۆکارێکی ڕاستەوخۆییە بۆ زیادبوونی ڕێژەی شێرپەنجە, ناکرێت وەزارەتی تەندروستی شایەتی مردنی ئەو خەڵکە بێت، نە دەرمان دابین بکات و نە چارەسەری پێویستى هەبێت و ڕێگریش لە هۆکارەکانی بڵاوبونەوەى نەخۆشیەکە نەکرێت