زیاتر لە ٣٦ هەزار واژۆ دژی لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی کۆکرایەوە

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان-یەرەژە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەوە بۆ 'نا بۆ لەسێدارەدان'ی ڕاگەیاند، کە ٣٦ هەزار و ٣٩٨ واژۆ لە زۆرێک لە وڵاتان کۆکراونەتەوە.

قامیشلۆ

 

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژی ١٢ی ئاب هەڵمەتێکی واژۆکردنی 'نا بۆ لەسێدارەدان'ی لە دژی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی ڕاگەیاند، کە زۆرێک لە دامودەزگاکان پاڵپشتییان کرد.

 

ڕاگەیەندراوی ئەنجامی کەمپەینەکە لەلایەن سۆرگول شێخۆ، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەنجومەنی یەرەژە خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، "ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسانی ژن لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەژێر چەتری یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان-یەرەژە کار دەکەین، دژایەتی کردەوەکانی دەوڵەتی ئێران و سزای لەسێدارەدانی چالاکوانی مرۆڤ شەریفە محەمەدی و ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا لە ١٢ی ئابدا هەڵمەتی 'نا بۆ سێدارە"مان دەستپێکرد.

 

هەڵمەتەکە لە زۆر شوێن دەنگی دایەوە

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەڵمەتەکە لەناو ڕای گشتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کوردستان، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەفریقا دەنگی دایەوە و بڕیاردرا لە ١٩ی ئابدا کەمپینەکە کۆتایی پێبێت، بەڵام لەسەر داوای زۆرێک لە ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی مافی ژنان بۆ بەشداریکردن، ماوەی هەڵمەتەکەمان درێژکردەوە و ماوەی ١٤ ڕۆژ بەردەوام بوو".

 

هەڵمەتەکە ئەمڕۆ ٢٦ی ئاب بە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان کۆتایی پێهات و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتەدا ٣٦ هەزار و ٣٩٨ واژۆ لە ڕۆژنامەنووسان، ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ژنان، دامەزراوە یاساییەکان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەر چوار پارچەی کوردستان، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک لوبنان، میسر، مەغریب و تونس و وڵاتانی ئەوروپا کۆکراوەتەوە، ئەو کەسانەی واژۆیان کردووە، سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر، چالاکوان، ڕۆژنامەنووس، ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوە یاساییەکان و کەسانی سەربەخۆ بوون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە واژۆی کۆکراوە ڕەوانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، "بە بەشداربووانی هەڵمەتەکە ڕادەگەیەنین، کە لیستی واژۆکان ڕەوانەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان و هیومان ڕایتس وۆچ و ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور دکەەین، کارەکانمان لێرەدا کۆتایی نایەت. لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت، تاوانە ئەگەرییەکانی دژ بە ژنان ڕاپۆرت دەکەین، تا ئەو کاتەی دادپەروەری بەدی دێت و ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەناسرێت.

 

پشتیوانیمان بۆ ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" و جێبەجێکردنی چەمکەکانی بەردەوام دەبێت".