هەزاران ئاوارەی غەززە ڕوو لە میسر دەکەن

بەهۆی هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل زیاتر لە ١٢٢ هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لە هەر ١٠ کەسێک لە کەرتی غەززە، ٩ کەس ئاوارە بوون، بە نزیکەش ڕێژەکە گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار کەس، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش داخستنی دەروازەی ڕەفەح ١١٠ هەزار کەس غەززەیان بەجێهێشتووە.

 

ئەندریا دی دۆمێنیکۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە خاکی داگیرکراوی فەڵەستین (OCHA) ئاشکرای کرد کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار هاوڵاتی غەززە ئاوارە بوون.

 

وتی: پێشتر ئێمە پێشبینیمان دەکرد یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ئاوارە هەبێت، بەڵام لەوەتەی گەیشتینە ئەم ژمارەیە ئۆپەراسیۆنەکەمان لە ڕەفەح هەبووە و ئاوارەبوونی زیادەمان لەوێ هەبووە.

 

دی دۆمێنیکۆ دەشڵێت: لەپشت ئەم ژمارانەوە کەسانێک هەن کە ترس و گلەیییان هەیە، لەوانەیە خەون و هیوایان هەبووبێت، بەداخەوە ئەمڕۆ ترسم لەوە هەیە کە وردە وردە هیواکانیان کەمببێتەوە،

 

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کەرتی غەززەی کردە دوو بەش، بە پێی ئاماری فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار کەس لە باکووری ئەو ناوچە گەمارۆدراوەدا دەژین کە نەیانتوانیوە بچنە باشوور.

 

لە ٧ی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل بە پشتیوانی ڕەهای ئەمریکا شەڕێکی وێرانکەر لە کەرتی غەززە بەڕێوە دەبات و زیاتر لە ١٢٢ هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.

 

ئیسرائیل سەرەڕای دوو بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ، هەروەها فەرمانەکانی دادگای نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە لەشکرکێشی بۆ سەر ڕەفەح و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێگریکردن لە کردەوەی جینۆساید و باشترکردنی دۆخی ترسناکی مرۆیی، لە کەرتی غەززە لە هێرشەکانی بەردەوامە.