پێویستە ڕێکخراوەکان هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو

دەوڵەتی تورک کە خەریکی بڕینی ئاوی حەسەکەیە، بڕینی ئاو وەک چەکی شەڕ لە دژی گەل بەکاردەهێنێت، ژنانی حەسەکە خوازیاری ئەوە بوون کە ڕێکخراوەکان لە دژی ئەم کارە نا مرۆڤانەیە هەنگاو بنێن.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- دوای داگیرکردنی شاری سەرێکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی ٢٠١٩، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ئاوی وێستگەی عەلۆکیان پچڕاند، لەگەڵ بڕینی ئاوەکە، سەدان هەزار کەس بێ ئاو بوون و شاری حەسەکە و دەوروبەری بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت، هەروەها ئیدارەی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی ئیدارەی خۆسەر چارەسەری جێگرەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە و ئەوانەی لە کامپەکاندا دەژین بە کردنەوەی بیری ئاو لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ئامادەکرد.

 

"نزیکەی ١٠ مانگە ئاو نەماوە"

فاتمە زامن، هاوسەرۆکی ئیدارەی خزمەتگوزاری ئاوی حەسەکە ڕایگەیاند، بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە شاری حەسەکە، هەموو ئاوێک پچڕاوە، وتی: حکومەتی تورکیا ئاوی پچڕاند، بە بڕینی ئاو شەڕێکی تایبەت لە دژی خەڵک دەکات لەو ڕۆژەوە لەشکرکێشی ئەنجام دەدات چەند جارێک ئاوەکە بڕاوە، بەڵام نزیکەی ١٠ مانگە ئاوەکە بە تەواوی بڕاوەتەوە.

 

"خەڵکی ناوچەکە پێویستی بە ئاوی بیرە"

فاتمە زامن، ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی شارەکە ئێستا پشت بە ئاوی بیرەکانی گوندی شوموکا و تانکەرەکان دەبەستن، زۆرجار ئەمە بەشی خەڵک ناکات خەڵک پێداویستییەکانی ئاویان لە سەرچاوەی نادیارەوە بۆ دابین دەکرێت هەندێک کات ئاوەکان پیسن و لە شوێنی پیسەوە بۆ هاوڵاتیانی دەهێنن.

 

"هەموو بەیانیەک ئاو بەسەر سەرجەم خەزانەکانی ناوچەکە دابەش دەکەین"

لە درێژەی قسەکانیدا فاتمە زامن ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین ئازاری خەڵک زیادی کردووە، هەرچەندە نزیکەی ٦٤ تەنکەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و نزیکەی ٨٠٠ تەنکەری مەدەنی هەیە، بەڵام خەڵک پێویستی بە ئاوی پاک هەیە، دەشڵێت: بەهۆی نادیار سەرچاوەی ئاوەوە، گرفتی ڕیخۆڵە و هەڵامەت و هەوکردن لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە.

 

ڕوونیکردەوە هەوڵی بەپەلە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوی خەڵک دەدەن، وتی: کاردەکەین بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، هەموو بەیانییەک ئاو بەسەر هەموو کۆگاکانی ناوچەکەدا دابەش دەکەین، بەشەکەی تر لە ڕێگەی کۆمۆنەکانەوە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت، بەڵام ماوە دابەشی بکەین بەسەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، پەروەردە و نەخۆشخانەکاندا بۆیە ئاوی پێویست بۆ هەمووان نییە و سەرچاوەکان کەمن، بەڵام ئیدارەی خۆسەر کار لەسەر پڕۆژەی بیر هەڵکەندن دەکات بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی ئاوی خەڵک.

 

"ماوەی ٥ ساڵە لەگەڵ کێشەی ئاودا دەژین"

توفاح خەلیف، کە لە شاری حەسەکە نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ کێشەی ئاودا ژیان بەسەر دەبەن ڕایگەیاندووە، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین سەختییەکانیان دەستپێدەکات چونکە وەرزێکی گەرمە و پێویستیان بە ئاو زیاترە، دەڵێت: چونکە ئاو گرانە ناتوانین تەنکەر بەکاربهێنین و ئاو بکڕین دۆخی ئابووری زۆر کەس باش نییە، چاوەڕێی چارەسەرێکی ڕیشەییین بۆ کێشەی کەم ئاوی، داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین کار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوی هەموو گەڕەکەکان بکەن.