کەنەکە؛ هەنگاوێک ناچینە دواوە و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی دەپارێزین

کەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە یەک هەنگاو بەرەو دواوە ناچین، خاوەندارێتی لە شەهیدانمان دەکەین، لە دژی هەموو هێرشەکان ڕادەوەستین و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی دەپارێزین".

ناوەندی هەواڵ 

 

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای کەنەکە لە هەولێر و تیرۆرکردنی دێنیز جەودەت بولبوون، هاوکات بۆردوومانی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە، "هێرشکردنە سەر کەنەکە هێرشە بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی، سەرباری هەموو هێرشەکان هەنگاوێک ناچینە دواوە و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی دەپارێزین.

 

لەبارەی هێرشکردنە سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتیش ڕایگەیاند، "دەوڵەتی تورکیا بە گشتی لەگەڵ گەلی کوردستان لە شەڕێکی سەختدایە، ئەو شەرەش نەک هەر دژی هێزێکی کوردستانییە، بەڵکو دژی هەموو گەلی کورد و هەموو کوردستانە، ئەو دەوڵەتە نەک تەنیا هەر خۆی، بەڵکو دەوڵەتانی تری داگیرکەریش لە دژی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خۆی دەخاتە جووڵە، پێوستە هەموو کورد و هێزە کوردستانییەکان ئەو ڕاستییە بزانن بە پێی ئەو ڕاستییەش کار بکەن، هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا، هاوکاریکردنی داگیرکەران خیانەتە، هێڵی سوورە. نابێ هیچ کوردێک و هیچ هێزێکی کوردستانیی ئەو هێڵە ببەزێنن." 

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکەى کەنەکە بەمجۆرەیە:

لە هێرش بۆ سەر نووسینگەی هەولێری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان یەکێتی نەتەوەیی کراوە بە ئامانج!

 

ڕۆژی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ کاتژمێر یەک و نیوی پاش نیوەڕۆ، هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر نووسینگەی کەنەکە لە هەولێر و بەرپرسی نوسینگە و ئەندامی کەنەکە، دێنیز جەودەت بولبوون شەهید کرا، ئەم هێرشە هەروا بە رێکەوت نییە، بە ئامانجگرتنی نووسینگەی كەنەکە لە چوارچێوەی بڕیار و پەیامێکی ستراتیژێکی فراواندایە، ئامانجی ئەو هێرشە تەنیا نووسینگە و خەباتکار و ئەندامێکی کەنەکە نییە، لەو هێرشەدا یەکێتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، ناخ و مێشکی ستراتیژیی گەلی کوردستان بە ئامانج گیراوە، دوژمنان بەو هێرشانە ئەوە پشتڕاست ئەکەنەوە کە چەند لە یەکێتی و یەکڕیزی ئێمە ئەترسن و چەند پێی قەڵسن، پێویستە هەموو کوردێک ئەو ڕاستییە بزانێت و بەو پێیەش هەنگاو بنێت.

 

ئێمە هێرشکاران دەناسین، ئەمە هەر درێژەی ئەو هێرشانەیە کە دەکرێنە سەر رۆژئاوای کوردستان، شەنگاڵ، مەخمور، زاپ، مەتینا، ئاڤاشین، سلێمانی و هەموو باشووری کوردستان، ئەو هێرشە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانییەتی و پیلانی بۆ دانراوە و جێبەجێ کراوە.

 

نووسینگەی کەنەکە لە ناو شاری هەولێرە. شەو و رۆژ لە ژێر چاودێری ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێردایە. چەندین کامێرای چاودێریی لەو دەوروبەرەدا هەن، ئەگەر بکوژان نەپارێزرێن، چۆن ئاوا بە ڕۆژی ڕووناک جەسارەت ئەکەن دەست بوەشێنن و پەلاماری نووسینگەی کەنەکە بدەن و مرۆڤ تیرۆر بکەن؟ چۆن دەزگای میت ئاوەها بە ئاسانی لەو شارەدا تەراتێن دەکەن و کەسانی خۆفرۆش دەکەنە سیخوڕ و بکوژی نیشتمانپەروەران؟ کێ مۆڵەتی بە ئەوان داوەو رێگایان بۆ خۆش دەکات؟

ئەو کارە تیرۆریستییە زۆر پرسیار لەخۆ دەگرێت، وەڵامدەری ئەو پرسیارانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەولێرن، ئەگەر ڕۆژێک زووتر ئەو تاوانکارانە نەگیرێن و ئەوانەی لە پشتییەوەن ئاشکرا نەکرێن و  نەدرێنە دادگا، ئەوا بەرپرسیار دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەولێرە.

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن، هەر کەمێک دوای هێرشەکەی هەولێر پەلاماری فرۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی دراو هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرانە ئامانج، ئەنجامی ئەو هێرشە شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەو بریداربوونی سێ پێشمەرگەی دیکە بوو، ڕۆژێک پێش ئەو هێرشانەش لە شەنگال سێ فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی شەنگاڵ ( یەبەشە ) شەهید کران. لە هەمان کاتیشدا لە رۆژاوا، لە منبەج، قامیشلو عامودا و ترپەسپی، شەڕڤان و کارمەندانی ئاسایش کرانە ئامانج و شەهید و برینداری لێکەوتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی گەریلا بە چەکی قەدەغکراو و کیمایی بە هەموو شێوازێک هەر بەردەوامە.

 

دەوڵەتی تورکیا بە گشتی لەگەڵ گەلی کوردستان لە شەڕێکی سەختدایە، ئەو شەرەش نەک هەر دژی هێزێکی کوردستانییە، بەڵکو دژی هەموو گەلی کورد و هەموو کوردستانە، ئەو دەوڵەتە نەک تەنیا هەر خۆی، بەڵکو دەوڵەتانی تری داگیرکەریش لە دژی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خۆی دەخاتە جووڵە، پێوستە هەموو کورد و هێزە کوردستانییەکان ئەو ڕاستییە بزانن بە پێی ئەو ڕاستییەش کار بکەن، هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا، هاوکاریکردنی داگیرکەران خیانەتە، هێڵی سوورە. نابێ هیچ کوردێک و هیچ هێزێکی کوردستانیی ئەو هێڵە ببەزێنن.

 

هێرش بۆ سەر نووسینگەی کەنەکە بەئامانجگرتنی یەکێتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە. لە دژی ئەو هێرشە و هەموو هێرشەکانی دی، پێویستە هێڵی نەتەوەیی بەهێز و پتەو بکرێت و هەموو هێزە کوردستانییەکان یەکڕیز بن، لەو بارەیەوە سەرەتا لە پارت و رێکخراوەکانی ئەندامی کەنەکە، هەروەها بانگەوازیی لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکانی دیکەش دەکەین لە دژی ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن، لە دژی هەموو هێرشەکانی داگیرکەران یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.

 

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە یەک هەنگاو بەرەو دواوە ناچین، خاوەندارێتی لە شەهیدانمان دەکەین، لە دژی هەموو هێرشەکان ڕادەوەستین و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی دەپارێزین، لە کەسێتی شەهید دێنیزدا، شەهیدانی فڕۆکەخانەی عەربەتدا، شەهیدانی شەنگاڵ و رۆژئاوادا، هەموو شەهیدانی کوردستان بە شکۆوە بەبیر دێنینەوە و سەری ڕێز لە بەرامبەریان دادەنەوێنین. سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و هەموو گەلی کوردستان ئەکەین.

 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان