"لێمان شوێش بووە بە سیمبولی بەرخودانی ژنان"

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و تیرۆرکردنی ئازادیخوازان بەردەوامە و ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشێلکاریانە دەبێت لە خەباتکردن بەردەوام بین و لێمان شوێش بکەین بە سیمبولی بەرخودان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنانی ئازادیخواز هەمیشە بوونەتە جێگەی ترس بۆ دوژمنانی کورد، بە تایبەتی بۆ دەوڵەتی تورکیا کە چاوی بە خەباتی ئازادی ژنان هەڵنایەت و بەردەوامە لە داگیرکاری و تیرۆرکردنی ئازادیخوازان بۆ کپکردنی دەنگیان، هەر وەک لە دواین هێرشیدا و لە ٢٠ی حوزەیران یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و جێگرەکەی لێمان شوێش کرانە ئامانج، ژنانی باشووری کوردستانیش، کە هاوڕێیەتی و هاوخەباتی لێمان شوێش بوون، دووپاتیان کردەوە، لەسەر ڕێبازی ئەوان بەردەوام دەبن لە خەباتکردن.

 

 

"لێمان شوێش ژنێکی سادە بوو، بەڵام کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو"

سازە عەبدوڵا، ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەکرد، یەکتر ناسینی من و لێمان شوێش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە بووە بە نوێنەری کۆنگرەی ستار و دوای ئەوە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و یەکمان ناسی، کۆنگرە ستاریش ڕێکخراوێکی ژنانی بەهێزە لە ڕۆژئاوا و هەموو ژنان لە خۆ دەگرێت بە بیر و ڕای جیاوازەوە، یەکەمجار کە قسە و گفتوگۆمان دەکرد سۆرانیەکەی باش نەبوو، بەڵام زیرەکیەکەی ئەو لەوەدا بوو بە ماوەیەکی کەم فێری سۆرانی بوو، لێمان شوێش ژنێکی سادە بوو، بەڵام هێز و ئیرادەیەکی بەهێزی لە ناودا هەبوو، ژنێکی زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو، هەمیشە پەیوەندی دروست دەکرد لەگەڵ ژنی پارتە سیاسیەکاندا و لێمان دانەدەبڕا و گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەدا.

 

"لێمان شوێش هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی چالاکییەکاندا بوو"

سازە عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، لێمان شوێش هەمیشە دەیوت کە ژنانی باشووری کوردستان دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی حزبی بهێنرێنە دەرەوە و کاری بۆ ئازاد بوون و هۆشیارکردنەوەی ژنان زۆر دەکرد، ژنێکی چالاک بوو لە هەموو چالاکییەکاندا لە ڕیزی پێشەوەدا بوو، ئەوەندە پەیوەندییەکەی بەهێز کردبوو لەگەڵ ژنانی باشووردا، تەنانەت لە پرسە و خۆشیەکانیشدا بەشداری دەکرد، وەکو ژنێکی سەرکردە و خەباتگێڕ شتی زۆری لێوە فێر بووم.

 

وتیشی: لێمان شوێش هەرگیز لە یادم ناچێت، کاریگەرییەکی گەورەی لە باشووری کوردستاندا دروستکرد و هەمیشە خاوەن پرۆژە بوو، دەیوت کە دەبێت هەموومان تێبکۆشین بۆ ئازادبوونی ژن، هەر ئەم پێشەنگیەی لێمان سوێش وایکرد ترسێک لای دوژمنان دروستبکات، حکومەتە دیکتاتۆرەکان و ئەوانەی ئایین بەکاردەهێنن بۆ ئەنمجامدانی هەموو داگیرکارییەک، سڵ لە هەموو شتێک دەکەنەوە و ئازادیخوازان تیرۆر دەکەن.

 

"دەوڵەتی تورکیا لە مانای دیموکراسیەت نازانێت"

سازە عەبدوڵا، ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا یەکەم جار و کۆتا جاری نابێت کە ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، ئێمە هیوامان هەبوو کیشەی کورد بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن، بەڵام دەوڵەتێکی وەکو تورکیا کە هیچ لە مانای دیموکراسیەت نازانێت، ئێمەش ناچار دەبین بە خەباتکردن ڕووبەڕووی ببینەوە، قەدەری کوردیش وایە کە دەبێت بەردەوام بێت لە خەباتکردن تا دەگەینە مافەکانمان.

 

"دەبێت درێژە بە خەباتی لێمان شوێش بدەین"

سازە عەبدوڵا لە کۆتایدا وتی: لێمان شوێش دەبێت ببێت بە سیمبولێک بۆ ژنانی کورد و رەمزێک بۆ کۆکردنەوەی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ئاواتی ئەوەبوو کە ژنانی هەموو پارچەکانی کوردستان یەکبگرن و پێکەوە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی پێکبهێنن، کە تیایدا داوای مافەکانی خۆیان بکەن، ئێمەش وەکو ژنان داوا دەکەین کە لەسەر رێبازی ئەو بەردەوام بین و پێکەوە کار بکەین، دژی ئەوە بوەستینەوە کە تا ئێرە بەس بێت تیرۆرکردنی ژنی خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕ، چونکە پیشێلکارییەکان گەشتوونەتە لوتکە و ئێمەش دەبێت لە خەباتکردن بەردەوام بین.