عێراق تۆڕی ئاو بە پارێزگاکانی دەگەیەنێت بۆ ئاودێری

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە تۆڕی ئاو بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دەگەیەنێت، بەتایبەت پارێزگاکانی خوارووی عێراق کە ڕێژەی ئاو بەرەو تەواوبوون ڕۆشتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، زیاتر لە ساڵ و نیوێک لەمەوبەر وەزارەت هەڵمەتێکی گەورەی بۆ لابردنی خراپ بەکارهێنانەکان دەستپێکردووە، کە بریتی بوو لە گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی زیاد بەکارهێنانەکان لە پڕۆژەکانی ئاودێری و پشکی ئاو، هەروەها تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر سەرپێچیکاران لە دادگاکان ئەنجامدراوە و بەشێکی زۆریان یەکلایی کراونەتەوە.

 

بەپێی قسەی ئەو وتەبێژە ڕێوشوێنەکانی ئەنجامی خۆی هەبووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاو لە خراپ بەکارهێنانەکان لە وەرزی زستانی ڕابردوو و وەرزی هاوینی ئێستادا.

 

هەروەها وەزارەتەکە توانیویەتی ئاو بگەیەنێتە سەرجەم پارێزگاکان، بەتایبەتی پارێزگاکانی خوارووی عێراق، کە پشکی ئاویان نزیکەی تەواو بوونە.

 

جێی ئاماژەیە کە ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زیاد بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو لە بەرژەوەندی کەرتی ئاو و پاراستنی ئەو سامانەدایە، بەڵام بەپێی قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، ستافی وەزارەتەکە تووشی هێرش دەبنەوە کە هەندێکجار دەگاتە لێدان و هێرشکردنە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکان، لەلایەن هەندێک سەرپێچیکارانەوە کە ڕەتیدەکەنەوە سەرپێچییەکانیان لاببەن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامانج لە هەڵمەتی لابردنی خراپ بەکارهێنانەکان بەدیهێنانی دادپەروەرییە لە گەیاندنی ئاو بۆ سەرجەم پارێزگاکان و سودمەندان، بەپێی ئەو پلانەی کە لەنێوان وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کشتوکاڵدا دانراوە".