هەڵمەتی"ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستی پێکرد

بۆ شەرمەزارکردنی پلانگێڕێ نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هەڵمەتێک دەستی پێکرد.

سلێمانی

 

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی بە دروشمی" ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" و بە بەشداری ئازادیخوازان، چالاکوان، کەسایەتی سیاسی و هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بۆ شەرمەزارکردنی پلانگێڕی نێودەوڵەتی و ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان گردبوونەوەیەک ڕێکخرا و هەڵمەتێک دەستی پێکرد.

 

لە سەرەتای گردبوونەوەکەدا عادل عوسمان، چالاکوانی سیاسی ئاماژەی بەوەکرد، ٢٥ ساڵ بەسەر پلانگێڕی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان تێدەپەڕێت، کە دەوڵەتە زلهێزەکان لەبەر قازانجی خۆیان ئەو ڕێبەرەیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرد و زیندانی ئیمرالی کرا بە نێوەندی نامرۆڤانەی ئەو پلانگێڕییە، بۆیە گەلی ئێمە نەفرەت لەو دەسەڵاتە دەکات، ڕێبەر ئۆجالان ویستی گەلی کورد هۆشیار بکاتەوە بەرامبەر بەو ستەمەی لێی دەکرێت و ژنانی هۆشیار کردەوە بەرامبەر بە ماف و دونیای ژیانی ئازاد، هەربۆیە ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان چارەسەری کێشەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستە.

 

دواتر کامەران بەرواری وتاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی خویندەوە و وتی: ٢٥ ساڵە پلانگێڕی دژی ڕێبەر ئۆجالان بەرێوە دەچێت لە زیندانی ئیمراڵی، بەڵام ئەو خۆڕاگرییەی ڕێبەرەکەمان ئەوەمان پێ دەڵێت چەنێک پلانگێڕی هەبێت لە دژی کورد ئێمە ئیرادەمان ناشکێت، خەباتی ڕێبەر ئۆجالان لە ئیمرالی هەموو دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیاو دەوڵەت نەتەوەی هەڵوەشاندەوە.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا بەختیار مستەفا ئەندامی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە توندوکردنەوەی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئۆجالان کورد بێدەنگ بکات و بەرەو لەناوچونیان ببات، دەوڵەتە زلهێزەکان وا دەزانن کورد لەبەر نەزانینی دەسەڵاتکردن ئەو تاوانانەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا کورد لەبەر زانایی و لێهاتووی ڕووبەڕووی هەموو ستەم کاریەک دەبێتەوە، بۆیە ئیمە وەکو گەلی باشوری کوردستان بە یەک دەنگ داوای ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان دەکەین.

 

"ئازادی ڕێبەر ئۆجالان کلیلی چارەسەری کێشەکانە"

دایە سوعاد وەکو بەشداربوویەکی گردبوونەوەکە و لەبەر دڵسۆزی بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بە پارچە شێعرێک دەستی پێکرد و دواتر ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا دەبێت ژنان یەکگرتوو بن و تێبکۆشن و داوای مافی خۆیان بکەن و وا بکەن ڕێبەر ئۆجالان ئازاد ببێت، چونکە ئازادی ڕێبەر ئۆجالان کلیلی چارەسەری کێشەکانە.

 

گردبوونەوەکە بە وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب کۆتای پێهێنرا.