گوڵستان کلچ کۆچیگیت: ڕەنگە پێش پشووی پەرلەمان یاسای چوارچێوە دەربکرێت
گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆکفراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند، هیشتا وادەی دەرکردنی 'یاسای چوارچێوە' دیار نییە، بەڵام ڕەنگە لەم هەفتەیەدا دەربچوێندرێت و جەختی کردەوە یاساکە دەبێت مافی یاسایی هەموو ئەو کەسانە بپارێزێت کە دەگەڕێنەوەو بەشداریی کایەی سیاسیی دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، پەیوەست بە پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بە دیاریکراوی کارەکانی تایبەت بە 'یاسای چوارچێوە' قسەی کرد.
گوڵستان کلچ کۆچیگیت دەربارەی 'یاسای چوارچێوە' ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە قۆناغێکی مێژووییدان و وتی: لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، ئێمە لە بەردەم ئامادەکردنی زەمینەیەکی یاساییداین. ئەو یاسای چوارچێوەییە سەرەتایەکە و دەکرێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر چارەسەری دروست بکات.
پەیوەست بە کاریگەرییەکانی یاساکە و مەرجە چاوەڕوانکراوان گوڵستان کۆچیگیت وتی: دەبێت ئەو یاسایە هەمووان بگرێتەوە و مافی یاسایی ئەو کەسانە بپارێزێت کە دەگەڕێنەوە و تێکەڵی کایەی سیاسی دەبن، پێویستە یاسایەک بە بیروڕای هاوبەش بهێنرێتە پەرلەمان، ئێمە داوا لە پارتە سیاسییەکانیش دەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لە پرسە لاوەکییەکان. پێویستە هەموو لایەک بە باشی سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرێت و شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی.
"پێویستە دەستەیەکی چاودێری دابمەزرێت کە بتوانێت سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکات"
جەختیکردەوە لە دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت بۆ چاودێریرکردنی کارە یاساییەکانی پرۆسەکە و لەم ڕووەوە وتی: دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاساکەش پەرلەمان ئەرکی خۆی بگرێتە ئەستۆ. پێویستە دەستەیەکی چاودێری دابمەزرێت کە بتوانێت سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکات. دوای ئەم یاسایە، دەبێت ئەو یاسایانەی ڕێگرن لەبەردەم دیموکراسیدا، وەک یاسای دژە تیرۆر، هەموار بکرێنەوە، ئێمە وەک پارتی دەم، بەردەوام دەبین لەسەر هەڵوێستی خۆمان بۆ پێشخستنی پڕۆسەکە. دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەم تورکیادایە. بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرفەتە بە باشترین شێوە، پێویستیمان بە کۆتایهێنان بە چوارچێوە کۆنەکان، وازهێنان لە بیرکردنەوەی چەقەبەستوو و هەبوونی بوێری هەیە. ئەگەر باس لە تورکیایەکی نوێ دەکەین، پێویستیمان بە زمان و هەموارکردنەوەیەکی نوێ هەیە.
کاتی دەرچوونی یاسای چوارچێوە
لەسەر پرسیاری ڕۆژنامەنووسان، گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕوونی کردەوە کە شاندی ئیمراڵی پارتەکەیان، گفتوگۆکانی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان سەبارەت بە یاسای چوارچێوە بەردەوام دەکات و ڕایگەیاند کە هێشتا ڕێکەوتی دەرچوونی یاسای چوارچێوەیی دیار نییە، بەڵام پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینەوە، دەردەچێت.
گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی: لەم هەفتەیەشدا هەوڵ و کارەکان لەسەر یاسای چوارچێوە بەردەوام دەبن، دانوستانەکانیان بۆ یاسای چوارچێوەیی درێژەی هەیە و وتی: "چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە یاسایەک بێتە کایەوە کە ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ڕێکخستنەکە (ئەندامانی تەڤگەری ئازادی) و بەشداربوونیان لە سیاسەتی دیموکراتیکدا، هەروەها ئەوانەی لە ئەورووپان بتوانن بگەڕێنەوە و ئەوانەشی لە زیندانەکاندان ئازاد بکرێن. بەڵام لەسەر ڕەشنووسی یاساکە تا ئێستا هیچ شتێکی کۆنکرێتی و ڕوون لە ئارادا نییە.