لە ماوەی مانگێکدا ٤٦ حاڵەتی نوێی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە

ژمارەی حاڵەتەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی لە سودان، بەپێی کەمپەینی "پێکەوە دژی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی" گەیشتووەتە ٤٢٣ حاڵەت.

سودان

 

ڕاپۆرتی هەڵمەتی "پێکەوە دژی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی" ئاشکرایکردووە، لە بەرواری٣٠ی نیسان تا ٣١ی ئایار ٤٦ حاڵەتی نوێی دەستدرێژی تۆمارکراوە، کە ٢٨ حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی گەنج و ١٧ حاڵەتی ژنان بووە.

 

سەبارەت بەو ویلایەتانەی کە زۆرترین حاڵەتی دەستدرێژی سێکسییان بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە بریتین لە ٢٧ لە ویلایەتەکانی باکوری دارفور، ٩ لە ویلایەتی باکوور، ٧ لە ویلایەتی نیلی سپی، و ٣ لە ویلایەتی خەرتوم.

 

پێنجەمین ڕاپۆرتی ئاماری هەڵمەتی "پێکەوە دژی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی" ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆی گشتی حاڵەتەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی کە لە ڕێگەی کەمپەینەکەوە بەڵگەدارکراون گەیشتووەتە ٤٢٣ حاڵەت.

 

لە ڕاپۆرتی کەمپەینەکەدا هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ زیادبوونی خێرایی ململانێکان گەڕاندووەتەوە، کەمپینەکەش داوای پێویستی کارکردن بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژی سێکسی لە شەڕە چەکدارییەکان لە سودان کردووە، هەروەها بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی ئەم پێشێلکارییانەی خستووەتە ئەستۆی هەموو کەسێک کە چەک هەڵدەگرێت، کۆمەڵگەش بەرپرسیارێتی ئەم پێشێلکارییە ترسناکانە لە ئەستۆ دەگرێت.