گۆشەگیریی سەر هونەرمەندان و چالاکوانانی ئێران

ڕژێمی ئێران فشارەکانی بۆ سەر ژنانی چالاکوان و هونەرمەند زیاتر دەکات؛ دادگای ئینقلاب ئیلناز شاکردووستی ئەکتەری بانگهێشت کرد و سزای زیندانی کردنی سیما مەزلەقانی چالاکوانیشی پشتڕاستکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

لە ئێران، دوابەدوای شۆڕش و خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کە تێیدا هەزاران کەس دەسبەسەر و کوژران، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ستراتیژێکی توندی سەرکوتکردن پەیڕەو دەکات، دەسەڵاتی دادوەری بە تۆمارکردنی دۆسیەی ئەمنی لە دژی کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگە و هونەرمەندان هەوڵی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی دەدات، شەپۆلی فشار و سەرکوتی دەسەڵاتی ئەمنی و دادگای ئێران لەدژی دەنگی ناڕازیەکان تا دێت زیاتر دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا، هەم هونەرمەندانی ناودار و هەم چالاکوانانی مافی مەدەنی ڕووبەڕووی داوای یاسایی و سزای توند دەبنەوە.

 

ئیلناز شاکردووست، ئەکتەرە بەناوبانگە لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بانگهێشت کرا

ئیلناز شاکردووست، ئەکتەری سینەمایی و تەلەفزیۆنی ١٠ی تەمووز لە هەژماری دیجیتاڵی میدیایی خۆیدا ڕوونیکردەوە، کە لە لایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بانگهێشت کراوە، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی دادگا، ئیلناز شاکردووست تۆمەتبارە بە "تاوانی سیاسی و ئەمنی" و بڕیارە ١٢ی تەمووز لە دادگا ئامادەبێت.

 

بڕیارەکەی دادگا دوای ئەوە هات کە ئیلناز شاکردووست لە مانگی شوباتی ڕابردوودا بەشداری "فجر السينمائي" کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت و ڕەتیکردەوە خەڵاتی "قەقنەس" وەربگرێت، لە پەیامەکەیدا، سەرنجی بۆ گیانلەدەستدانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە ڕاکێشاوە و وتی: من ماتەمینی دەگێڕم، ماتەمینی بۆ ئەو ٤٠ هەزار هاونیشتیمانییە دەگێڕم کە کوژراون، چیتر بەشداری ئاهەنگەکان نابم و هیچ ڕۆڵێک لەو خاکەدا نابینم کە بۆنی خوێنی لێدێت.

 

سزای ٢ ساڵ بەسەر سیما مەزلەقانی لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە پشتڕاستکرایەوە

دەزگای دادگای ئێران سزای زیندانی بۆ چالاکوانی مەدەنی دەپارێزێت، بەپێی هەواڵی تۆڕەکانی مافی مرۆڤ، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی سیما مەزلەقانی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦، لەلایەن دادگای ئینقلابی پشتڕاستکرایەوە.

 

بەپێی بڕیاری کۆتایی، سزای ئەو چالاکوانە وەک “سزای هەڵپەسێردراو” دەرچووە و ١٨ مانگ بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە و دەبێت ٦ مانگی دیکەی زیندانیکردن بەسەر ببات.

 

دۆسیەی دادگا سیما مەزلەقانی تۆمەتبار دەکات بە "کۆبوونەوە و هاوکاری بە مەبەستی چالاکیی دژی ئاسایشی نیشتمانی" و "سەرکردایەتیکردنی خۆپیشاندانەکان"، هەروەها لە تۆمەتبارکردنەکەدا بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکەی ٢٠ی شوبات و وێنەگرتنی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا و ڕەتکردنەوەی وشەی نهێنی تەلەفۆنەکەی دەگرێتەوە،

هەروەها دەسەڵاتی دادوەری کۆپییەکی تەواوی بڕیارەکەی بۆ پارێزەر و خێزانەکەی نەداوە و تەنها پوختەیەکیان لەگەڵدا بەشدارکردووە.