گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەرەو هەڵکشانی شەپۆلی سێیەمی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن
شەپۆلی سێیەمی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران کە دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی گواستنەوەی کردۆتە ئامانج، دەیان کوژراو و بریندار و زیانی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەدژی وڵاتانی ناوچەکە ڕاگەیاند
ناوەندی هەواڵ
ترسەکان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە توندتر بوون لەگەڵ بەردەوامبوونی شەپۆلی سێیەمی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشدارییەکان لە کاردانەوەی ئەمنی فراوانترە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر چەند وڵاتێک هەبێت، هیچ نیشانەیەکی کەمبوونەوەی پەرەسەندن نییە و نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە کە ناوچەکە بخزێتە ناو ململانێیەکی فراوانترەوە.
لە شەشەمین ڕۆژی شەپۆلی سێیەمی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران، جارێکی دیکە ناوچە جیاوازەکانی هورمزجان و پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان کرانە ئامانج، هێرشانە بووە هۆی وێرانکردنی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی و کارمەندانی سەربازی و زیانگەیاندن بە هێڵەکانی پەیوەندی، لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێرانیش بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر بنکە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی عەرەبی ئەنجامداوە، بەڵام هەندێک لەو بانگەشانە لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکان یان بەرپرسانی وڵاتانی ئامانجدارەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
ڕاپۆرتەکانی سەرچاوە ناوخۆییەکان و میدیای دەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەشێکی بەرچاو لە هێرشەکان دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی گواستنەوە و دامەزراوە کەنارییەکانیان کردۆتە ئامانج.
لە سیستان و بەلوچستان چەندین هێرشی ئاسمانی بارەگاکانی سپای پاسدارانی ئێران لە ڕاسک، بنکەی دەریایی کوناراک، ناوچەی فڕۆکەخانەی ئێرانشهر، بنکەی دەریایی ڕامین، تاوەری کۆنترۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە تشابهار و ناوچەکانی شاری سیریکیان کردە ئامانج، ئەو وێنانەی لە شوێنەکانی بۆردوومانەوە بڵاوکراونەتەوە، وێرانبوونی بەربڵاوی هەندێک لە دامەزراوەکان، هەروەها ئاگرکەوتنەوە و چەندین تەقینەوە نیشان دەدەن.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر ناوەندە سەربازییەکان، چەندین پرد و ڕێگای هورمزجانیش کرانە ئامانج، پردەکانی کوهوڕستان، نمیکار، میناب و جەریفە و پردەکانی دیکەی ناوچەی خمیر زیانیان بەرکەوتووە یان بە تەواوی وێران بووە و هەندێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی پارێزگاکە داخراون.
لە هێرشی سەر پردی گوندی نیمیکار، سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە کە شەش هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە دوو منداڵ و سێ ژن و پیاوێکیان تێدایە، میدیای دەوڵەتی بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی سەر پردەکانی پارێزگای خمیر، حەوت کەس کوژراون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەندەر عەباس، هێرشێک بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێبوونی تاب اللە ئەکبەر بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێک و برینداربوونی لانیکەم هەشت کەس کە منداڵێکیان تێدایە.
هەروەها هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئێرانشهر زیانی بە وزەی جێگرەوە یەدەگی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و ئاگری لێکەوتووەتەوە.
بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ژمارەی بریندارانی هێرشەکانی مانگی تەمووز ٣٠٠ کەسی تێپەڕاندووە و ٧٢ کەسیان هێشتا چارەسەر وەردەگرن، بە وتەی ئەو بەرپرسە، لەنێو کوژراوەکاندا دوو ژن و گەنجێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵ هەبوون، پارێزگاکانی هورمزجان، سیستان و بەلوچستان، خوزستان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، دوایین ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٣٨ کەس.
لەگەڵ درێژەی هێرشەکانی ئەمریکا، سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی چەندین ئۆپەراسیۆنی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژی ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕاگەیاند.
سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا لە بنکەی تەنف لە سووریا، سیستەمی ڕادار لە عومان، بنکەکانی ئەمریکا لە قەتەر، کوەیت و ئوردن و شوێنە سەربازییەکانی دیکەی کردۆتە ئامانج، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئەو قسانەیان ڕەتکردووەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی زیانبەرکەوتووان ئەو وڵاتانە بڵاونەکراوەتەوە.
شەوی ڕابردوو شارەکانی سلێمانی و هەولێر شاهیدی هێرشی توندوتیژ بوون، ئەم هێرشانە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و کۆگایەکی تەقەمەنی سەر بە لیوای ٧٠ی هێزەکانی پێشمەرگە لە سلێمانی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا هەشت چەکداری پێشمەرگە و هاوڵاتییەکی مەدەنی برینداربوون، هەروەها ئاگرێکی گەورە لە بەشێکی شارەکە کەوتەوە، بەڵام میدیاکانی دڵسۆزی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجی ئەو هێرشانە هێزە کوردییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی ئەمریکا بوون.