گروپێکی خوێندکاران: ئێران دەیەوێت تۆڵەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەتایبەتی لە ژنان بکاتەوە
گروپێک لە خوێندکارانی زانکۆی کورد و هاوپەیمانی ژنانی کورد سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، ئێران دەیەوێت تۆڵەی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بەتایبەتی لە ژنان بکاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢١ی کانوونی دووەم، گروپێک لە خوێندکارانی زانکۆی کورد و هاوپەیمانی ژنانی کورد دژی پەسەندكردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: پەسەندكردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی نادادپەروەرانە و نامرۆڤانەیە کە بەسەریاندا سەپێندراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران دەیەوێت تۆڵەی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” بەتایبەتی لە ژنان بکاتەوە، لەم قۆناغەدا ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە کە ڕێگریی لە لەسێدارەدانی ژنانی ئازادیخواز بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: داوا لە هەموو کوردان دەکەین سبەینی بەشداریی مانگرتنی گشتیی بکەن لە دژی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی.
واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە بریتین، لە خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی مەریوان، مهاباد، بوکان، سنە، ورمێ و سەقز و هاوپەیمانی ژنانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.