ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بۆ ٢٩ هەزار کەس بەرزبووەوە

بەهۆی شەڕی بەردەوام لە کەرتی غەززە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، ژمارەی کوژراوان بۆ ٢٩ هەزار کەس بەرزبووەو

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، کە لە ٧ تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە بەردەوامە، تا ئێستا ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ٢٨ هەزار و ٩٨٥ کەس، نزیکەیی ٦٩ هەزار کەسیش بریندارە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتبوو، بەهۆی ئەو شەڕە بەردەوامە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ١٢٧ کەس گیانیان لەدەست دا و ٢٠٥ کەسیش بریندار بوون.

 

سەرەڕای زیانە گیانییەکان، بەهۆی ڕێگری هێزەکانی ئیسرائیل بۆ گەیشتنی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ ناوچەکانی دێر ئەلبلح، ڕەفەح و خان ​​یونس لە کەرتی غەززە هێشتا ژمارەیەک لە هاوڵاتیان لە ژێر دار و بەردی خانووە ڕووخاوەکاندان.

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی، لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کە ڕاستەوخۆ بۆسەر ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوونن، بریندار و کوژراوی ژن هەن، هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی کەمپی نوسیراتیان لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کردووە.