گەردەلول و زریان لە ئۆکلاهۆمای ئەمریکا بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٥ کەس

لە دوێنیوە گەردەلول و زریان ئۆکلاهۆمای ئەمریکای گرتووەتەوەو بەهۆیەوە ٥ کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

کیڤن ستیت پارێزگاری ویلایەتی ئۆکلاهۆما لە ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوێنێوە گەردەلول و زریانێکى بەهێز ڕوویکردووەتە ویلایەتەکە و بەهۆیەوە ٥ کەس گیانیان لە دەستداوەو ١٢ ناوچە زیانی بەرکەوتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ٥ کەسەی گیانیان لەدەستداوە دووانیان ژن و منداڵن، هەروەها بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ باری نائاسایی لە ناوچەکەدا ڕاگەیەندراوە.

 

ڕۆژی هەینی ڕابردوو خزمەتگوزاری کەشناسی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەو ویلایەتی ئۆکلاهۆما ٧٨ شەپۆلی گەردەلول و زریان تۆمارکراون.