گەنجانی دەم پارتی بە مەبەستی دیداری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی داد کرد
ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی بە مەبەستی دیداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی دادی تورکیا کرد و داوای دیداری ڕاستەخۆیان کرد لە ئیمراڵی.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی گەنجانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، داواکارییەکی پێشکەش بە وەزارەتی داد کرد. کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجان چوونە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی داد و داواکارییەکەیان ڕادەستی وەزارەتەکە کرد.
گەنجان دوای پێشکەشکردنی داواکارییەکە بە وەزارەتی داد، لە بەردەم وەزارەتەکە ڕاگەیاندراوێکیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە. دەقی ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن باران تونجای یەڵدرم، ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی خوێندرایەوە.
باران تونجای یەڵدرم ڕایگەیاند کە ئەوان وەک ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجان دەیانەوێت لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دیدار ئەنجام بدەن و وتی: ئێمە دەمانەوێت ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیدار ئەنجام بدەین و سوود لە بیر و ڕاکانی وەربگرین. چارەسەری تەنها بێدەنگکردنی چەکەکان نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا دەبێت ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان بەدی بێت. ئێمە وەک گەنجان دەمانەوێت ڕۆڵ و ئەرکی خۆمان لە پرۆسەکەدا جێبەجێ بکەین، پێویستیشە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە خاوەنداری لەم پرۆسەیە بکەن.