گەمارۆدان و بۆردومانی باکووری غەززە بەردەوامی هەیە
لە غەززە دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل خانوویەکیان کردە ئامانج کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بوو لە تل ئەلزەعتەر لە کامپی جیبالیە لە باکووری غەززە، لانیکەم ١٠٠ کەس کوژران.
ناوەندی هەواڵ
لە ٤٢٢ەمین ڕۆژی شەڕی سەر غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژی نوێیان ئەنجامدا کە گیان لەدەستدانی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بێدەنگییەکی ئاشکرای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و وێرانکردنی شارەکانی غەززە هەیە.
هێزەکانی ئیسرائیل باڵەخانەیەکی ٦ نهۆمییان کردە ئامانج کە دەیان ئاوارەی تێدابوو لە کامپی جیبالیە و بەهۆیەوە ١٠٠کەس کوژران، لەناویاندا ژن و منداڵ هەن، ئەمەش لەکاتێکدایە ئاوارەبوونی زیاتر لە ٩٥%ی دانیشتووانی کەرتی غەززەی لێکەوتووەتەوە.
لە کاتێکدا چوار کەسی دیکە لە بە ئامانجگرتنی کامپی شابوورە لە ناوەڕاستی شاری ڕەفعەت لە باشووری غەززە کوژران، هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی هەڵکوتانە سەر ژمارەیەک ماڵ لە شاری سەلفیت لە باکووری کەرتی ڕۆژئاواش ٥ هاووڵاتیی مەدەنییان دەستگیر کرد کە لە ناویاندا خوێندکاری خوێندنگەکانی شارۆچکەی ئەلموغەیر لە شاری ڕامەڵڵا هەن.
بۆ ٥٨مین ڕۆژ لەسەریەک باکووری کەرتی غەززە لەژێر گەمارۆ و برسێتی و بۆردومانی توندوتیژی ئاسمانی و تۆپخانەدایە، بەهۆی بەردەوامی بەئامانجکردنی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کارەکانی بەرگری شارستانی بە زۆر پەک دەخرێن و خەڵکی ئەوێ لە هەموو جۆرە چاودێرییەکی مرۆیی بێبەش دەبن.
لە چوارچێوەی قەیرانی برسێتی و مەترسی بەردەوامی شەڕ و گەمارۆدان، بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاشکرای کرد کە نرخی خۆراک لە غەززە بە بەراورد بە قۆناغی پێش جەنگ زیاتر لە ١٠٠٠% بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی کۆمیساری گشتی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین "UNRWA"، ئۆپراسیۆنی سەربازی بەردەوام لە باکووری کەرتی غەززە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ١٣٠ هەزار کەس لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا.