گیان لەدەستدانی منداڵێکی ٩ ساڵانی خوزستانی بە تەقەی هێزەکانی پۆلیس

پۆلیسی خوزستان ڕاستەوخۆ تەقەی لە ئۆتۆمبیلێک کرد و منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پۆلیس بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری وان پراید لە خوزستان منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ گیانی لەدەستدا، بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، مامی منداڵەکە ڕایگەیاندووە، کە ئۆتۆمبێلی پۆلیس نەوەستاوە و خێرایی ئۆتۆمبێلەکەش زۆر نەبووە، بەڵام فەرماندەی پۆلیسی شوشتر لە وتارەکەیدا کاری ئەفسەرەکانی بە یاسایی ناوبرد.

 

گیانلەدەستدانی منداڵان لە کاتی تەقەکردنی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیش پێشتر تۆمارکراوە، یەکێک لەوانە "ئەمیر عەلی" تەمەن ٢ ساڵە کە، لە ئەسفەهان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بریکارە سەربازییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەیان کردووە و گیانی لەدەستدا، هەروەها کیان پیرفەلەک، منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵانی دانیشتووی شاری ئیزەش لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم کوژرا.

 

لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسا لەبری پاراستنی گیانی خەڵک بە بیانووی جۆراوجۆر و بەبێ هیچ سزایەک ئۆتۆمبێل و خەڵکیان کردووەتە ئامانج و دواتر بەبێ هیچ دادگاییکردنێک، بکوژ یان بکوژانی ئەو تاوانانە بێتاوان دەرچوون و بنەماڵەی گیان لەدەستدراو دەکەونە ژێر فشارەوە.