کۆنگرەی ستار بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم پەیامێکی بڵاوکردەوە
بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کۆمیتەی هاوپەیمانی سیاسی و دیموکراتیکی کۆنگرەی ستار نامەیەکی ئاڕاستەی سەرجەم تەڤگەر و شۆڕشگێڕانی ژنان لە جیهاندا کرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیتەی هاوپەیمانی سیاسیی دیموکراتیک و پەیوەندییەکانی کۆنگرەی ستار بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نامەیەکی بڵاوکردەوە، لەو نامەیەدا کە بانگەوازی تەڤگەرو شۆڕشگێڕانی ژنان دەکات، هاتووە: با درێژە بە تێکۆشان بدەین، یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین و ئەم سەدەیە بکەینە سەدەی ئازادی و پێشکەوتنی ژنان.
دەقی نامەکە بەم شێوەیەیە:
لەم ڕۆژە تایبەتەدا کە دەنگی ژنان یەکدەگرن بۆ پاراستنی کەرامەتی خۆیان و مافی ژیانێکی پارێزراو و ئازاد، لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە دەنگێکی پڕ لە خەبات و ئیرادە بۆت دەنووسن، بۆ هەر ژنێک کە دژی زوڵم و چەوساندنەوە بوەستێتەوە، چ لە ماڵەوە، چ لەسەر شەقامەکان، چ لە زیندانەکان یان لە مەیدانەکانی خەبات، سڵاوێکی تێکۆشەرانەی قووڵ دەنێرین.
سڵاوێکی پڕ لە شانازی و شەرەف بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان دەپارێزن، لە فەلەستینەوە کە ژنان بەرەنگاری ستەمی داگیرکاری دەبنەوە، بۆ هیندستان کە ژنان بۆ یەکسانی تێدەکۆشن و لە سودانەوە کە ژنان باجی شەڕ و چەوساندنەوە دەدەن، بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سەرەڕای ئەوەی دەچەوسێندرێنەوە ژنان ئاڵای خەبات و بەرخۆدان هەڵدەکەن، بۆ هەموو ژنێکی شۆڕشگێڕ و بە جۆش و خرۆش کە خەبات بۆ جیهانێکی باشتر دەکات.
ڕژێمی پیاوسالاری بە ئایدۆلۆژیاکەی شەڕێکی تایبەت دژی ژنان بەڕێوە دەبات
توندوتیژی سیستماتیکی دژ بە ژنان، لە ئیستغلالکردن و داگیرکاریی زۆرەملێیەوە بۆ کۆیلایەتی و کۆمەڵکوژی، سەرهەڵدانی هۆشی پیاوسالاری کە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لێیەوە سەرهەڵدەدات، بۆیە پێویستە خەبات دژی ئەم توندوتیژییە هەمان ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییە بکاتە ئامانج کە دەوڵەت لە هەموو ئاستێکدا بەهێزی دەکات و دەیکاتە دڕندەترین ئامڕاز بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیکی.
ئەمڕۆ کە کاریگەری ئەم عەقڵیەتە لە جیهاندا فراوانتر دەبێت، دەسەڵاتی پیاوسالاری بە ئایدۆلۆژیای جیاکارییەوە، بە شێوەیەکی تایبەت شەڕ دژی ژنان دەکات و هەموو ئەو دەستکەوت و مافانەی کە لە ڕێگەی خەباتی بەردەوامەوە بەدەست هاتوون، دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت، ئەم هەوڵانە بە ئامانجی تێکەڵکردنی تەڤگەری ژنانە لە سیستمی ئێستا و نەهێشتنی بەرخۆدانیان و قۆستنەوەی دەرفەتەکانیانە بۆ ڕزگاری ڕاستەقینە.
ئەمڕۆ لە سایەی جەنگی جیهانی سێیەمی ڕانەگەیەندراودا دەژین، کە ژنان ئامانجی سەرەکین لە ململانێیەکی فرەلایەنەدا کە هەڕەشە لە بوونی ئەو دەکات و هەوڵدەدات دەنگی بێدەنگ بکات، ئەم شەڕە کە لە سیستمی پیاوان و پیاوسالارییەوە سەرچاوەی گرتووە، دەیەوێت دەستکەوتەکانی ژنان لە ناو ببات و دەست بەسەر مافەکانیاندا بگرێت، ژنان بکاتە قوربانی جینۆسایدی سیستماتیکی. بە هەوڵی بەردەوام بۆ کوژاندنەوەی ڕۆحی بەرخۆدان کە ١٠ ساڵە خەباتی بۆ کراوە.
ئێمە بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، خۆت بپارێزین، بەرخۆدان دەکەین
جەنگی جیهانی سێیەم تەنها شەڕێکی سەربازی نییە، بەڵکو شەڕێکی سیستماتیکە کە ژیان بە هەموو واتاکانییەوە دەکاتە ئامانج، کولتوور و سروشت و بەها سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتی لەناو دەبات، بەهاکانی ئازادی، ئاشتی، دیموکراسی، خەباتی ژنان و سروشت وەک دوژمنێک دەبینێت کە دەبێت لەناوببرێت، ئەم شەڕە لە ڕیشەی خۆیدا چەمکی ژیانی هاوبەشە، ئەو میراس و بەها مێژووییانەی کە کۆمەڵگە لەسەری بونیاد نراوە، لەناو دەبات، لەبەرامبەر ئەم هەڕەشە جیهانییە بۆ سەر بوونمان وەک تاک و وەک گەل، ئەرمی ئێمەی ژن وەستانە بەرامبەر ئەم توندوتیژییە سیستماتیکە کە ژیان و ناسنامە و هیوا لەناو دەبات.
بە دروشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی خۆت بپارێزە" ئەمڕۆ لە ڕۆژئاواو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرخۆدان دەکەین و دەڵێین ئەم ساتە پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هاوکاری ژنان هەیە، کەواتە پێویستی بە یەکگرتوویی تەڤگەرەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، کە میکانیزمی خۆپاراستنیان هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە بەربەست لە بەرامبەر هەوڵەکانی هێزە تاریکەکان کە ئامانجیان شکستپێهێنانی ئەم شۆڕشە ناوازەیەی ژنانە کە لە زۆر شوێنی جیهان دەیبینین.
شۆڕشی ژنان هەر پێشدەکەوێت و گەورە دەبێت
شۆڕش ڕووداوێکی نائاسایی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنی تێکۆشان و بەرخۆدانە کە ناتوانرێت ڕابگیرێت، شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا/ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە تا ئێستا بەرهەمی نەبووە، سەرەڕای ئەو سەختیانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، لە پێشکەوتن و گەورەبووندایە، ئەم شۆڕشە کە تێیدا ژنان وەک هێزێکی ژیانی و جەوهەری دێنە پێشەوە، بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە هێرشی دەکرێتە سەر، کە خۆی وەک دوژمنی ژنان پیشان دەدات و هەوڵی لەناوبردنی ئەم شۆڕشەی ئازادی و یەکسانی دەدات.
دوژمن هێرشی دڕندانە ئەنجام دەدات کە هیچ شەڕێک ناتوانێت پێی بگات، هەوڵ دەدات شەڕێکی هەمەلایەنە بەسەر گەلەکەمان و شۆڕشەکەماندا بسەپێنێت، لە ناوچە داگیرکراوەکاندا کوشتن و چەوساندنەوە لە دژی ژنان بەردەوامە، بەتایبەتی هێرشی دڕندانە کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی ژنانی پێشەنگ دەکەنە ئامانج، ئەم هێرشە دڕندانەیە بەڕێکەوت نییە، بەڵکو بەئامانجکردنی بە ئەنقەستە، چونکە ڕژێمی تورکیا زۆر باش دەزانێت کە ڕۆڵی پێشەنگی ژنان یەکێکە لە پایەکانی ئەم شۆڕشە، ئامانجیان خنکاندنی ئیرادەی گەلەکەمانە لە گەڕان بەدوای ئازادی و یەکسانی بە لەناوبردنی پێشنەگایەتی ژنان کە ڕەمزی هێز و بەرخۆدانن لە خەباتی ئازادیدا.
ئەوان هەوڵی لەناوبردنی هەموو ئەو شتانە دەدەن کە ئێمە بونیادمان ناوە، بەڵام ئێمە زۆر باش دەزانین شۆڕشی ژنان شکست ناهێنێت و بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە ئامانجەکانی.
با ئەم سەدەیە بکەینە سەدەی ئازادی و پێشکەوتنی ژنان
ئەم بانگەوازە بانگەوازێکە بۆ نوێبوونەوەی ئازایەتی و پابەندبوون لە ڕێگەی تێکۆشانەوە، با دەست لەناو دەست کاربکەین بۆ دامەزراندنی تۆڕەکانی پشتیوانی و تەبایی کە دژی توندوتیژی و چەوساندنەوە بوەستنەوە و دەنگی ژنان بەرز بکەنەوە، بەڵێن دەدەین لە تەنیشت هەموو ژنێک دەبین کە بەرەنگاری ستەم و چەوساندنەوە و خەبات بۆ ئازادی دەکات و هەر ژنێک کە دژی کۆت و بەندەکان دەڕوات و داوای مافی خۆی دەکات بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و ژیانێکی شکۆمەند.
ئێمە وەک کۆنگرەی ستار ئاگادارین کە بۆ پاراستنی شۆڕشی ژنان پێویستە میکانیزمەکانی خۆڕێکخستن و خۆپاراستن بەهێزتر بکرێت، ئەمە ساتەوەختی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی جیهانییە کە هەموو هەوڵەکانی هەژموون و سنووردارکردن تێکبشکێنێت، و کە دەنگی ژنان بەهێزترە لە هێزە تاریکەکان، وەک دەرفەتێکی مێژوویی دەیبینن.
بۆ هەموو ژنە شۆڕشگێڕەکان، بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە سەرەڕای زوڵم و چەوساندنەوە هێشتا بە خەونەکانیانەوە گرێدراون، بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا دژی توندوتیژی تێدەکۆشن، دەڵێین ئێوە تەنیا نین، پێکەوە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خەباتدا بەڕێوەدەبەین، بە ئامانجی بونیادنانی ئایندەیەک کاردەکەین کە ئازادی و کەرامەتی ژنان مافێکی سازان لەسەر نەکراو بێت.
وەرن درێژە بە تێکۆشان بدەین، یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین و ئەم سەدەیە بکەینە سەدەی ئازادی و بەهێزکردنی ژنان.