قەدەغەکردنێکی دیکە بۆ ژنان لە ئەفغانستان

حکومەتی تاڵیبان چوونە ناو پارکە گشتییەکانی پارێزگای بەلخی بۆ ژنان قەدەغە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

١٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ،  شێخ نور موحەمەد حەقانی، سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان لە پارێزگای بەلخ نامەیەکی بڵاوکردەوە، کە کۆپییەکی دوێنێ ١٨ ئەیلوول لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ژنان لە هەوالێکدا باسی لێوەکرد و دەڵێت: لە ئەفغانستان چوونی ژنان بۆ ناو پارکە گشتییەکانی شاری مەزار شەریف قەدەغە کردووە و داوای لە ئەفسەرەکان کردووە ئەم فەرمانە جێ بە جێ بکەن.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەرپرسی بابەتی چاکە و خراپە لە نامەکەیدا بەرپرسانی پارکەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە، دوای ئەمە ڕێگە نەدەن ژنان بچنە ناو پارکەکانەوە.

 

دەقی نامەکە بەم شێوەیەیە:

"ئێستا بە پشتبەستن بە ڕێنمایی بەرپرسی بەشی چاکە و خراپەی پارێزگای بەلخ و گوێگرتن لە سکاڵاکانی پارێزگای بەلخ سەبارەت بە ڕاپۆرتە بەردەوامەکان و دروستکردنی پشێوی لە پارکەکانی ناوەندی ئەم پارێزگایە، بەپێی ڕێکارەکانی بەشی خۆشگوزەرانی گشتی و قەدەغەکردن و گوێگرتن لە سکاڵاکانی پارێزگای بەلخ دوای ئەم بەروارە، هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ ناو پارک و ناوچەکانی ناوەندی ئەم پارێزگایە قەدەغە کرا".

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پێشتر و پێش ئەم فەرمانە، بەرپرسانی پارکەکان شوێن و کاتی دیاریکراویان بۆ چوونە ناو پارکەکە دیاریکردبوو، کە بەم فەرمانە ئەوەیشیان لێ قەدەغەکرا. بارودۆخی ژنان بە هاتنی دەوڵەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕۆژ بە ڕۆژ زەحمەتتر دەبێتەوە  و گۆڕەپانەکە بۆیان بەرتەسکتر دەبێتەوە، حکومەتی تاڵیبانیش زۆر سنووردارکردنیان بۆ ژیانی ژنان داناوە و تەنانەت چوونە هۆڵەکانی وەرزش و ئارایشتگا و پارکە گەشتیارییەکان و چەندین شوێنی دیکەشیان قەدەغە کردووە.