دەزگای ژنانی مەخموور هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت

 دەزگای ژنانی کامپی مەخموور ساڵانێکی زۆرە لە زۆر ڕووەوە پێشەنگایەتی بۆ ژنانی کەمپەکە کردووە، بە دەستپێکردنی پەروەردەی دوورین، هەلی کار بۆ زۆرێک لە ژنانی کامپەکە دەڕەخسێنێت.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور- ژنانی کامپی مەخموور کە لە ساڵی ١٩٩٤ گوندەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە چۆڵکران، بە ناچاری بوونە پەنابەر، دوای گۆڕینی ٧ کامپ، دواجار چوونە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" و لە هیچەوە ژیانێکیان دروست کرد، ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان هەبوو لە هەموو بوارەکانی ژیان لە کامپەکەدا، چەندین دامەزراوەیان دروستکرد و خۆیان ڕێکخست بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکەیان.

 

یەکێک لەو ڕێکخراوانە دەزگای ژنانە، دەزگای ژنانی مەخموور کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوە، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە بەشەکانی وەک خوێندنگە، بەرگدروو، کولتووری، کاری دەستی و وێنە کاردەکات، هەروەها هەلی کاری بۆ ژنان ڕەخساندووە، ساڵانە دامەزراوەی ژنان، بە دەرفەتی سنووردارەوە، لە بینای ژووری دوورین دەست بە پەروەردە دەکات، هەروەها هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەو پەروەردانەوە هەم ژنان و هەم ژنانی گەنج ڕێکبخات، ئەمساڵ دەستی بە سێ خولی پەروەردەی دروومان کرد، بەم خولانە گەیشتە دەیان ژن.

 

مامۆستا نورێ کارا، یەکێک لە مامۆستایانی دەزگای ژنان سەبارەت بە کاری دەزگاکەو پەروەردەی دوورین، ڤیان میژینی یەکێک لەو ژنانەی بەشداری سێیەمین خولی پەروەردەی کردووە قسەیان بۆ کردین.

 

"دەمانەوێت وەڵامێکی باش بین بۆ ژنان"

نورێ کارا، مامۆستای خوێندنگەی دایکی دەزگای ژنانی مەخموور، ڕایگەیاند ئامانجی دەزگای ژنان ڕێکخستنی ژنانی کامپەکەیەو وتی: ئامانجمان پەروەردەکردنی ژنان و بونیادنانی ڕێکخراوێکی ژنانە، دەبێت وا لە ژنان بکەین لەوە تێبگەن کە ژن تەنها کرێکاری ماڵ نییە، پێویستە ژنان ڕێکبخرێن و پەروەردە بکرێن و تەنها لە کاری ماڵەوەدا قەتیس نەکرێن، کارکردنی ژنان لە دەرەوە پێشکەوتن و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەو، وەک دەزگای ژنان دەمانەوێت وەڵامێکی باش بین بۆ ژنان.

 

"ڕێکخستنی ژنان جێگەی شانازی و سەربڵندییە"

 نورێ کارا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ئامانجی دەستپێکردنی پەروەردەی دوورین کرد و وتی: هەموو ساڵێک لە وەرزی هاویندا ژنان و ژنانی گەنج بەشداری پەروەردەی دروومان دەکەن، ئەمساڵ درێژە بە خولی سێیەمی پەروەردە دەدات، خولەکانی پەروەردە بە بەشداری ٢٠ کەس تا ٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت، ئامانجمان تەنها فێرکردنی دوورین نییە، بەڵکو ڕێکخستنی ژنانیشە، هەروەها پێشکەوتنێکی گەورە لە لایەنی هونەریدا هەیە، ژنان فێری دوورین دەبن و دەرفەتێک بۆ ئابووری خۆیان دەڕەخسێنن، ڕێکخستنی ژنان جێگەی شانازی و سەربڵندییەکی گەورەیە.

 

"دەرگای دەزگاکە بۆ هەموو ژنان کراوەیە"

نورێ کارا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئامادەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ژنان، داوا لە هەموو ژنان دەکەین خۆیان ڕێکبخەن و هێزیان هەبێت بۆ گەشەپێدانیان، بۆ مافەکانیان و بۆ داهاتوویان، با ژنان بۆ خۆیان و بۆ بوونی خۆیان کاربکەن، دەرگای دەزگاکە بۆ هەموو ژنان کراوەیە و دەبینە وەڵام بۆ هەموو ژنان، ئامادەین چارەسەر بۆ کێشەکانی ژنان بدۆزینەوە.

 

"دامەزراوەی ژنان دەرفەتێکی گەورە بە ژنان دەبەخشێت"

ڤیان میژینی، یەکێک لەو ژنانەی بەشداری پەروەردەی کردووە، بەم قسانە باسی لە ئامانجی پەروەردەکە کرد: بەشداری خولی سێیەمی پەروەردەی دروومان دەکەم, وەک ژنانی گەنجی کامپەکە فێری دوورین دەبین، لە ماڵەوە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین و بەشداری پەروەردە دەکەین، دەزگای ژنان دەرفەتێکی گەورە بە ژنان دەبەخشێت و ژنانی کامپەکە ڕێکدەخات، زۆرێک لە ژنان ڕۆژانە سەردان دەکەن، ئێمە تەنها بۆ خۆمان فێر نابین، دەمانەوێت ژنانی تر فێربکەین، پێویستە ژنان لە ڕێگەی پەروەردە و خۆڕێکخستنەوە لەسەرپێی خۆیان بوەستن.

 

"دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئێمە بۆ کارکردن"

 ڤیان میژینی ئاماژەی بەوەدا کە دوکانی بەرگدروو دەرفەتێکی زۆر باشیان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ کارکردن و وتی: لە پەروەردەدا هاوکاری یەکتر دەکەین و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەردەوامین لە پەروەردە، ئەم کارە نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ داهاتووی منداڵەکانمان گرنگە، دوورین دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ کارکردن، ئەو ژنانەی دەیانەوێت خۆیان ڕێکبخەن و پەروەردە بکەن، پێویستە داواکاری پێشکەش بکەن و ناوی خۆیان بنووسن.

 

"پەروەردە سەرەتاییترین بنەمایە لە ژیاندا"

لە کۆتایی قسەکانیدا ڤیان میژینی بانگەوازی بۆ ژنان کرد و وتی: بانگەوازی ئێمە بۆ ژنانی گەنج و دایکان ئەوەیە کە خۆیان پەروەردە بکەن، چونکە پەروەردەکردنی خۆیان و ژینگە و کۆمەڵگاەیان سەرەتاییترین بنەمایە لە ژیاندا.