ژنان هاوپەیمانێتییەکانیان دژی هەموواری یاسای باری کەسێتی بەرفراوان دەکەن

گروپی هەشتی مارس ڕایانگەیاند، دەبنە ئەندام لە هاوپەیمانی ١٨٨ و کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەسەر ئاستی سلێمانی ئەنجام دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ گروپی هەشتی مارس، کە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ەوە دامەزراوە، پێکهاتوون لە ژمارەیەک ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ئەکادیمی و چالاکوان و ڕاگەیاندنکار، ڕایاگەیاند، دەبنە ئەندام لە هاوپەیمانی ١٨٨ و کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەسەر ئاستی سلێمانی ئەنجام دەدەن.


گروپەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی، کەسایەتی ئەکادیمی و چالاکوانان، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان بە هەموواری یاسای ژمارە ١٨٨ـی باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩یان ساز کرد، تێیدا لەلایەن دکتۆر ڕازاو گوڵی، یاساناس‌ و ئەندامی پێشووی پەرلەمان و ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانتارانی عێراق، بە وردی تیشک خرایە سەر ئەو بڕگانەی مافەکانی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات.

 

ئەندامانی گروپی هەشتی مارس ڕایانگەیاند، دەبنە ئەندام لە هاوپەیمانی ١٨٨ و کۆبوونەوەیەکی فراوان لەسەر ئاستی سلێمانی ڕێکدەخەن و بە کۆی دەنگی ئەندامانی گروپەکە بەیانامەیەکیان ئامادە کردووە بۆ ڕێکخراوەکانی دەرەوە تا بە پاڵپشتی ئەوان دژی هەموواری یاساکە بووەستنەوە.

 

هاوپەیمانی ١٨٨، هاوپەیمانێکە لەسەر ئاستی عێراق کار بۆ رەتکردنەوەی پێشنیارەکە دەکەن و چەندین چالاکیان ئەنجامداوە.