"داوا دەکەین دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن"

لەیلا داشجی، کە داوای ئازادکردنی کچەکەی بەناوی گوڵو داشجی کرد کە تووشی نەخۆشی درێژخایەنی دڵ بووە و زیندانی کراوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سێرت- ئەو گرفتانەی کە لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕوو دەدەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەڵ قوڵبوونەوەی گۆشەگیری بە تایبەت لە زیندانەکانی جۆری S و R زیاتر دەبن، بارودۆخی چارەسەرکردنی زیندانیانی نەخۆش سەختتر بووە و لە زینداندا زۆرێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ڕوودەدەن و زیندانیان بێبەش دەکرێن لە مافی ژیانیان.

 

گوڵو داشجی، ئەو زیندانییە نەخۆشەیە پێویستی بە چاندنی دڵە، دوای ئەوەی دەرکەوت کە تووشی گەورەبوونی دڵ بووە، لە ساڵی ٢٠١٦ دەستگیرکراوە و ساڵانێکە لە زیندان چارەسەر وەردەگرێت و هەروەها تووشی نەخۆشی درێژخایەن بووە.

 

بۆ یەکەمجار لە ماردین و دواتر لە زیندانەکانی ئامەد زیندانی کرا و نزیکەی ٩٠ ڕۆژ لە مانگرتندا مایەوە، لەو ماوەیەشدا جارێک ڕشانەوەی خوێن و هۆشی لەدەستداوە و پێش ئەوەی نەخۆشیەکەی بزاندرێت مانگێک و چەندین جار گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام ئازاد ناکرێت، خۆراکی گونجاو لەگەڵ باری تەندروستی بۆ دابین ناکرێت و بەمجۆرە تووشی دابەزاندنی کێشی لەشی بووە.

 

لەیلا داشجی سەبارەت بە دۆخی کچەکەی و بنەماڵەکەی وتی، قاسم کوڕەکەم لە زیندانی بوشیری ڕاگیراوە و سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، ٢ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بەسەر بردووە، کچەکەم ساڵانێکە لە زینداندایە و نزیکەی ٣ ساڵی ماوە، هەردووکیان هەمان بەرواری سەردانکردنیان هەیە، بۆیە ئێمە خێزانەکە دابەش دەکەین بۆ ئەوەی سەردانی هەردووکیان بکەین.

 

"پێویستی بە چاندنی دڵە"

لەیلا داشجی ئاماژەی بەوەدا کە کچەکەی زیندانییەکی نەخۆشە و ڕۆژ بەڕۆژ نەخۆشیەکەی خراپتر دەبێت و دەڵێت: لە ماوەی زیندانیکردنەدا ئێمە و منداڵەکانمان تووشی ئەشکەنجە دەکرێین، کە کچەکەم گوڵو پێشتر تووشی هیچ نەخۆشییەک نەبوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دڵی دەستی بە گەورەبوون کرد و خواردنەکانیشی تەندروست نەبووە، ئەو ناتوانێت هەناسە بدات و زۆرجار هاوسەنگی لەدەست دەدات لە دۆخێکدا نییە کە ڕێگەی پێبدات ژیانی ئاسایی بەڕێ بکات، بەڵکو لە زیندان نەخۆشییەکەی توندتر بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کچەکەی پێویستی بە چاندنی دڵە بۆ ئەوەی چاک ببێتەوە و وتی: تاکە داواکاریمان ئازادکردنە، چونکە ئەم نەخۆشییە زیاتر گەشە دەکات لەکاتێکدا لە زینداندا دەمێنێتەوە.

 

بانگەوازێک بۆ کۆتایی هێنان بە ئەشکەنجەدان

لەیلا داشجی جەختی لەسەر سیاسەتە سەرکوتکەرییەکانی ناو زیندانەکە کرد و ڕایگەیاند کە نەک هەر کچەکەی ئازاد بکرێت، بەڵکو پێویستە هەموو زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن، دەشڵێت: ئازاد نەکردنی دەستگیرکراوانی نەخۆش لە کاتێکدا کە دوا هەناسە دەدەن، سووکایەتییەکی گەورەیە بۆ ئەوان، ئێمەش ناتوانین قبوڵی بکەین، تاکە داواکاریمان ئەوەیە منداڵەکانمان ئازاد بن.