بە شەودا تورکیا سوپای زیاتری دەنێرێتە بادینان
درەنگانی دوێنێ شەو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کاروانێکی دیکەی سوپای داگیرکەری تورک ڕەوانەی شارەدێی شیلادزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/07/20240719-dwty-twrkya-jpg73630c-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئەو دیمەنانەی گەیشتووەتە دەستی ئاژانسی ڕۆژنیوز، دەردەکەوێت، سوپای داگیرکەری تورک بە دەیان زرێپۆش و بەرهەڵگرەوە دەچنە سنووری شارەدێی شیلادزێ، ئەم لەشکرکێشیەی دەوڵەتی تورکیاش لە ١٥ی حوزەیرانەوە بەردەوامە.
لە ١٥ی حوزەیرانەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوام سەرباز دێنێتە ناو قوڵایی باشووری کوردستان و ئامانجی ئەوەیە داگیرکارییەکانی تا قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر درێژە پێبدات و تەواوی ئەو ناوچانە بلکێنێت بە تورکیاوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی سی پی تیش، تا ئێستا بە نزیکەیی (١٢٥٠) سەرباز و (٣٠٠) زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ بەشداریکردن لەم ئۆپەراسیۆنە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و هێرشە ئاسمانییەکانیش چڕتر بوونەتەوە. لەماوەی یەک مانگی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سوپای تورکیا (٣٨١) جار هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
هەروەها سەرانی دەوڵەتی تورک بەردەوام لە بەردەم مایکەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە میساقی میللی زیندوو دەکەنەوە و ناوچەکانی موسڵ، کەرکووک، هەولێر و تا سنووری زنجیرە چیای حەمرین داگیردەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ یەک لە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و بەغدا هیچ هەڵوێستێکیان لە بەرامبەر ئەو لەشکرکێشیی و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک نییە.