بە شەودا تورکیا سوپای زیاتری دەنێرێتە بادینان

درەنگانی دوێنێ شەو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کاروانێکی دیکەی سوپای داگیرکەری تورک ڕەوانەی شارەدێی شیلادزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو دیمەنانەی گەیشتووەتە دەستی ئاژانسی ڕۆژنیوز، دەردەکەوێت، سوپای داگیرکەری تورک بە دەیان زرێپۆش و بەرهەڵگرەوە دەچنە سنووری شارەدێی شیلادزێ، ئەم لەشکرکێشیەی دەوڵەتی تورکیاش لە ١٥ی حوزەیرانەوە بەردەوامە.

 

لە ١٥ی حوزەیرانەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوام سەرباز دێنێتە ناو قوڵایی باشووری کوردستان و ئامانجی ئەوەیە داگیرکارییەکانی تا قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر درێژە پێبدات و تەواوی ئەو ناوچانە بلکێنێت بە تورکیاوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی سی پی تیش، تا ئێستا بە نزیکەیی (١٢٥٠) سەرباز و (٣٠٠) زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ بەشداریکردن لەم ئۆپەراسیۆنە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و هێرشە ئاسمانییەکانیش چڕتر بوونەتەوە. لەماوەی یەک مانگی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سوپای تورکیا (٣٨١) جار هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

 

هەروەها سەرانی دەوڵەتی تورک بەردەوام لە بەردەم مایکەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە میساقی میللی زیندوو دەکەنەوە و ناوچەکانی موسڵ، کەرکووک، هەولێر و تا سنووری زنجیرە چیای حەمرین داگیردەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ یەک لە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و بەغدا هیچ هەڵوێستێکیان لە بەرامبەر ئەو لەشکرکێشیی و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک نییە.