١٢ ژنی کۆچبەر ئەشکەنجە دران

١٢ ژنە کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە فەڕەنسا لەلایەن شۆفێری بارهەڵگرێکەوە ئەشکەنجە دران، پۆلیسی ئیتاڵیا بە دوای شۆفێری بارهەڵگرەکەدا دەگەڕێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٨ی تەمووز پۆلیسی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، دوو ڕۆژ بەر لە ئیستا لە شارۆچکەی ڤینتیمیلیا ژمارەیەک قاچاخچی ١٢ ژنە کۆچبەری ئیریتیرییان خستووەتە ناو بارهەڵگرێکەوە کاتێک شۆفێری بارهەڵگرەکە سەرقاڵی نانخواردن بووەو، ئاگادار نەبووە.

 

بەوتەی پۆلیس، هەریەک لەو کۆچبەرانە ١٠٠ بۆ ١٥٠ یۆرۆیان بە قاچاخچییەکان دابوو، دوای ئەوەی قاچاخچییەکان دەرگای بارهەڵگرەکە دادەخەن، کۆچبەرەکان دەترسن و لە گەرما هاوار دەکەن، بەمەش شۆفێرەکە ئاگاداری ڕووداوەکە بووە.

 

وەکو لە گرتە ڤێدیۆییەکی بڵاوکراوەدا دەردەکەوتووە، شۆفێری بارهەڵگرەکە یەک یەک لەو کۆچبەرانە دەدات، کە لە بارهەڵگرەکە هاتوونەتە خوارەوە، ئەم ڕەفتارە لەلایەن بەرپرسانی شارۆچکەکەوە شەرمەزار کرا

 

بەگوێرەی بەرپرسانی پۆلیسی ئیتاڵیا، دوای ئەوەی کۆچبەرەکان دەدۆزنەوە، دەیانگوازنەوە سەنتەرێکی چاودێریکردن.