زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم پوش و پاوان لە پێنجوێن سووتا

دووبارە بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێكى فراوان لە سنوورى پێنجوێن کەوتەوە و لە ئەنجامیشدا ٢٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سرووشتی سووتان، بۆردوومانێکی دەوڵەتی تورکیاش بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە سنووری ناڵپارێز

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی چەند مانگێکە ئاگر لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان دەکەوێتەوە و بەهۆیەوە چەندین دۆنم پوش و پاوان سووتاون، بەشێک لەو زەویانە زەوی کشتوکاڵی هاوڵاتیانن و بەهۆیەوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، هەندێک پێیان وایە هۆکارەکەی گەرمای هاوینە لە کاتێکدا ساڵانی پێشوو بەو ڕێژەیە ئاگر نەکەوتووەتەوە، هەر بۆیە لای هەندێک گوومانە کە ئەم ڕووداوانە دەستێکی لە پشتەوە بێت.

 

بەیانی ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومانی گوندی بادانای سەر بە شارۆچکەی ناڵپارێزی لە شارۆچکەی پێنجوێن کرد و ئاگر لە پووش و پاوان کەوتووەتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانیش، بڵاویکردووەتەوە، ئاگرێكى فراوان لە گوندى سیامێوەى سەر بە شارەدێى ناڵپارێز لە سنوورى پێنجوێن کەوتەوە.

 

هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە و بەهۆیەوە ٢٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سرووشتی سووتاون و سەدان دارى سروشتىش زیانیان پێگەشتووە.