هەودای نیشتمان و گەل: ئەو لایەنانەش شەرمەزار دەکەین کە هاوکاری داگیرکاری تورکیان

هەودای نیشتمان و گەل-هەنگ ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەرمەزاری ئەو هێزە کوردستانی و عێراقیانەش دەکەین، کە لە دژی ئەم داگیرکارییە، نەک تەنها نقەیان لێوە نەهاتووە، بەڵکو بە ڕۆژی ڕووناک هاوکار و هەماهەنگی ڕژێمی تورکیا دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

هەودای نیشتمان و گەل-هەنگ ڕاگەیاندراوێکی نووسراویان بڵاو کردەوە و تیدا هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، "بە توندی ئەم داگیرکارییە شەڕانگێزییە ڕەت دەکەینەوە و ئیدانە و شەرمەزاری ئەو هێزە کوردستانی و عێراقیانەش دەکەین، کە لە دژی ئەم داگیرکارییە نەک تەنها نقەیان لێوە نەهاتووە، بەڵکو بە ڕۆژی ڕووناک هاوکار و هەماهەنگی ڕژێمی تورکیا دەکەین، بۆ پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و داگیرکردن و وێرانکردنی باشووری کوردستان".

 

هەنگ ئەوەی خستووەتەڕوو، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانە و سنووردار نییە، داگیرکارییەکی ڕاستەوخۆیە کە مەترسی لەسەر ژیان و سەلامەتی هاونیشتمانیان دروست دەکات، دۆخێکی نوێی ئاژاوەگێڕیی و وێرانکاریی لە باشووری کوردستان سەپاندووە.

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا هەڵوێستی کاریگەر بگرنەبەر بۆ ڕێگرتن لە داگیرکاریی و پاراستنی سەروەریی عێراق، لەم پێناوەشدا هەموو ڕێکارە دیپلۆماسیی و یاساییەکان بگرنەبەر، بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی تورکیا، سەرزەنشتی ئەو لایەنە کوردستانیی و عێراقییانە دەکەن کە هاوکاری ئەم وێرانکارییە دەکەن.

 

لە کۆتاییشدا ڕایانگەیاند، پشتیوانی تەواوی خۆیان دەردەبڕین بۆ هەموو هەوڵێک لەپێناو پاراستنی سەروەریی عێراق و مافەکانی هاونیشتمانیانمان، "دووپاتیشی دەکەینەوە، کە بە گیان و ماڵ و موڵک ڕێگە نادەین خاکەکەمان ببێتە گۆڕەپانی هێرشی پێشێلکارانە و دەستوەردانی دەرەکیی، لە ئێستادا سەروەری عێراق و پیرۆزی خاکەکەی هێڵی سوورە، ڕێگە نادەین بە بەزاندنی".