هەفتەیەکی فێستیڤاڵی کۆماری دیموکراتی ڤییەنا تایبەت بوو بە ژنۆلۆژی

ناوەندی ژنۆلۆژی لە بروکسل بەشداری لە فێستیڤاڵی "کۆماری دیموکراتی ڤییەنا" کرد کە لە ساڵی ١٩٥١ەوە هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێت و لە ماوەی ٤٥ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، هەفتەیەکی بۆ چەندین چالاکی لەسەر شۆڕشی ژن، ژنۆلۆژی و شۆڕشی ڕۆژئاوا تەرخان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

١٧ی ئایار فێستیڤاڵی "کۆماری دیموکراتی ڤییەنا" دەستی پێکرد و تا ٢٣ی حوزەیران چەندین هەفتەی هونەری لە بواری شانۆی قسەکردن، ئۆپێرا، مۆسیقا، سەما، نمایش، هونەری بینراو و چالاکی نمایش کراو پێشکەش دەکرێت، ناوەندی ژنۆلۆژی لە برۆکسل بەشداری فێستیڤاڵەکە بوو هەفتەیەکی چالاکییەکانیش تایبەت کرا بە شۆڕشی ژن و ڕۆژئاوای کوردستان و ژنۆلۆژی.

 

لە بەشێکی چالاکییەکانی ژنۆلۆژیدا، بە ئامادەبوونی نەجیبە قەرەداغی و سارا مارچا لەگەڵ ١٥ هونەرمەند لە وڵاتانی جیاوازی وەک نەمسا، ئەڵمانیا ، کوردستان، جۆرجیا، هەنگاریا و هتد.. باسیان لە میتۆدۆلۆژی ژنۆلۆژی کرد، لە خوێندنەوەیان بۆ مێژوو، کۆمەڵگە و بواری هونەر کرد، بەکارهێنانی رێبازی هونەر بۆ خوێندنەوەی مێژوو و کۆمەڵگە لەلایەن ژنۆلۆژییەوە، بابەتێکی سەرنجڕاکێش بوو بەلای هونەرمەندەکانەوە کە چۆن گۆرانی، چیرۆکی میتۆلۆژی هەڵگری توخمی شاراوەن لە ڕەوتی مێژووی ژن و کۆمەڵگە، ئاشکراکردنی ئەو داگیرکارییانەی کە لە سەر ژن و کۆمەڵگە هەبووە.

 

هەر لە هەفتەی فێستیڤاڵەکەدا، ئەنجومەنی کۆمەڵگەی کوردی لە نەمسا (فەیکۆم) کە بنکەکەی لە ڤییەنایە، سیمینارێکی لەسەر شۆڕشی ژن، ژنۆلۆژی و بارودۆخی ڕۆژاڤا لە شاوسپیلهاوس کە ناوەندێکی شانۆیی بەناوبانگە لەو شارە ڕێکخست، بە بەشداری ئەندامانی ناوەندی ژنۆلۆژی ئامادەی فێستیڤاڵەکە و نوێنەری خۆسەری لە ڤییەنا ئاری میلان  و وتەبێژی فەیکۆم، ڕێدار هان. بەشدارانی فێستیڤاڵەکە ئامادەبووانیان ئاشناکرد بە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، فەلسەفی، زانستی و ئایدیۆلۆژیی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراسیی.

 

لەو دانیشتنەدا نەجیبە قەرەداغی شۆڕشی ڕۆژاڤای وەک " شۆڕشێکی زهنی " پێناسەکرد، کە  گرنگییەکەی بە پلەی یەکەم لە ڕۆڵی بزووتنەوەی ئازادی ژنەوە سەرچاوە دەگرێت، کە جەخت لەسەر فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەکاتەوە، لە بەرەنگاربوونەوەی پیاوسالاری، دەسەڵاتدارێتی و سەرمایەداری و فشاری دەوڵەت. نەجیبە قەرەداغی هەروەها باسی لە ڕۆڵی گرنگی ڕێکخستنە خۆسەرییەکانی ژنان، کە پێکهاتە کۆنەپەرستەکانیان لە ناوچەکەدا شکاندووە و گۆڕانی ڕوانگەیان بەرەوپێش برد و وەک "شۆڕش لەناو شۆڕشدا" پێناسەی کردووە.

 

سارا مارچاش سەرنجی بۆ گرنگی پەروەردە راکێشا و وتی: ڕێبازی زانستیانە بە تایبەتی ژنۆلۆژی بە ڕێبازێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ چارەسەریی پرسە کۆمەڵایەتی و پرسە سیاسییەکانیش دەزانین کە کاریگەریی درێژخایەنی هەیە، ئێمە وەک ژن و کەسانێک کە لە ئەوروپا دەژین و خەڵکی ئێرەین، ڕۆژئاوا بۆ ئێستا و ئایندەمان گرنگە کە ئەزموونی لێوەرگرین.

 

لە هەفتەی تایبەت بە ژنۆلۆژی چەندین چالاکی بەڕێوەچوون

هەروەها لە مۆزەخانەی فۆلکلۆری ڤیەننا ڕۆژانی دواتری فێستیڤاڵەکە سیمینارێک ڕێکخرا لەسەر گرێبەستی کۆمەڵایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەو بەشەدا کرد و وتیان: ناوەرۆکی پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا دیموکراسی ڕادیکاڵ، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن لەخۆوە دەگرێت و ئازادی ژنی وەک کۆی ئازادییەکان و ناسنامەی لەخۆگرتووە، هاوکات گرێبەستی کۆمەڵایەتی وەڵامێکە بۆ ئەو قەیران و بنبەستبوونەی کە بەهۆی زهنیەتی دەوڵەت-نەتەوەی تاکڕەنگەوە پێویستیان بە چارەسەر هەیە.

 

هەر لە درێژەی چالاکییەکاندا سیمینار و دیبەیت دەربارەی ژن و ڕۆڵی دووبارە بنیادنانەوەی کۆمەڵگە و چەمک و ژیان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی گفتوگۆی لەبارەوە کرا و سیستمی کۆتاش هەڵسەنگێندرا و روانگەی ژنۆلۆژی بۆ پرسەکە خرایەڕوو.

 

ژنۆلۆژی

ناوەندی ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠١٧ لە بروکسل دامەزراوە، ناوەندێکە بۆ توێژینەوەی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان کە بە کۆمەڵ پەرەی پێدراوە لەسەر بنەمای زانیاری و ئەزموونی ژن لە کوردستان و جیهان، ئامانجی ئەوەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕێکی بەرفراوان لە دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان و هەرەوەزییەکاندا کار بۆ مافەکانی ژن بکات لە رێی لێکۆڵینەوە و ڕاهێنانەوە.