لە مەراسیمێکدا باخچەیەک کرا بە ناوی عایشە ڕەسوڵەوە

لە مەراسیمێکدا باخچەیەکی گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی کرا بە ناوی ژنە تێکۆشەر عایشە ڕەسوڵەوە، کە ژیانی خۆی بۆ ئازادی گەلەکەی تەرخان کرد.

سلێمانی

 

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ، یەکێک لە کۆنترین و دێرینترین باخچەکانی گەڕەکی چوارباخ لە شاری سلێمانی کە تەمەنی زیاتر لە ٧٠ ساڵە، کرا بە ناوی بە ناوی عایشە ڕەسوڵەوە، وەکو وەفایەک بۆ ڕەنج و تێکۆشانەکەی لە پێناو ئازادی و گەلەکەیدا.

 

عایشە ڕەسوڵ، یەکێک بووە لەو ژنانەی پاڵپشت بووە بۆ خێزان و دەوروبەرەکەی، هەمیشە هەوڵی دەدا بۆ ئازادی گەلەکەی، لە ساڵی ١٩٤٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لە منداڵیەوە هەستی نیشتمانپەروەری لا دروست دەبێت و ماڵەکەیان دەبێت بە مەڵبەندی ڕۆشنبیری، لە دوای شۆڕشی ئەیلول لەبەر ئەوەی خەبات بە نهێنی دەکرا عایشە دەستدەکات بە گواستنەوەی چەک بۆ پێشمەرگەکان، لە ساڵی ١٩٦٩دا لە کارگەی جگەرەی سلێمانی لە بەشی چاپ دادەمەزرێت، لە ساڵی ١٩٩٢ وەکو ئەندامێکی چالاک لە کۆمیتەی یەکی کاسبکاران دەستبەکار دەبێت، ژوورێک دەکاتەوە بۆ خزمەتکردنی بواری ژنان، لە ٦ی تەمموزی ٢٠١٩ کۆچی دوایی دەکات و لە مەزارگەی شێخ فەتاح لە شاری سلیمانی بە خاک دەسپێردرێت.

 

شاناز محەمەد، پورزای عایشە ڕەسوڵ، وتی: عایشە خان یەکێک بوو لەو کەسانەی لە سەرەتای شۆڕشەوە یەکێک بووە لە ڕێکخستنە دێرینەکان، وە دواتر ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان بووە، خۆنەویستانە و خۆنەناسانە هەوڵی داوە بۆ بەرەوپێش چوونی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، داکۆکیکارێکی سەر سەختی مافەکانی ژنانیش بووە. پێویستە ژنانیش خۆیان پێ بگەیەنن، بەتایبەت ژن ئێستا ئاگایی زیاترە، ئێستاش بە جۆرێکی تر خەبات دەکرێت، ئێمە ئێستا بە پێنووسەکانمان خەبات دەکەین، عایشە خانیش خۆی خەڵکی ئەم گەڕەکە بووە، بۆیە ئەم باخچە جوانەش کرا بە ناویەوە.