بەهۆی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا ٪٣٠ی کچان لە یەمەن واز لە خوێندن دێنن

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان-یونیسێف پشتڕاستی کردەوە کە زیاتر لە ٪٣٠ی کچانی یەمەن پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی ١٨ ساڵ هاوسەرگیری دەکەن و دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەیان لە خوێندن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکی نوێی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان-یونیسێف بە ناونیشانی "قەرەبووکردنەوەی خوێندنی لەدەستچوو"، ئاماژە بەوە کراوە، کە زیاتر لە ٣٠٪ی کچانی یەمەن پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی ١٨ ساڵ هاوسەرگیری دەکە و واز لە خوێندن دێنن، هەروەها چانسی گەڕانەوەیان بۆ وەرگرتنی خوێندن کەم دەبێتەوە، ئەمەش ئاستی نەخوێندەواری لەو وڵاتەدا بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی سووڕێکی خراپی نەخوێندەواری و هەژاری.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، ئەو ململانێیەی کە ساڵانێکە یەمەن شاهیدییەتی، بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی بەکۆمەڵی ئاوارەیی، ئەمە جگە لە وێرانکردنی نزیکەی یەکجاری ئابووریی وڵاتەکە و شکستی سیستمە سەرەتاییەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و تێکچوونی سیستمی پەروەردەیی.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە هەر چوار منداڵ یەکێکیان ناچێتە قوتابخانە و تەنانەت ئەوانەی دەتوانن بچنە قوتابخانە بەدەست قەرەباڵغی پۆلەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان کە ئامێری پێویستیان نییە، دەناڵێنن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە مووچەی فێرخوازان لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە باکووری وڵات ڕاگیراوە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە یونیسێف پاڵپشتی دابینکردنی وانە بێبەرامبەرەکانی خوێندنەوە و نووسین و شارەزایی ژمارە بۆ ئەو منداڵانەی کە توانای تێچووی خوێندنیان نییە یان وازیان لە خوێندنی فەرمی هێناوە، دابین دەکات.