بڕیاری بێتاوانی بۆ بەڕێوبەر و تاوانباری بۆ شۆفێری پاسە وەرگەڕاوەکەی ڕۆژنامەنووسان دەرچوو

سەرجەم بەڕێوەبەرە تۆمەتبارەکانی ڕێکخراوی ژینگە و بارەگای نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی ورمێ لە دۆسیەی پەیوەندیدار بە وەرگەڕانی پاسی هەڵگری ڕۆژنامەنووس بێتاوان دەرچوون و شۆفێر وەک تاوانبار ناسێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

پارێزەری دایک و باوکی مەهشاد کەریمی و ڕیحانە یاسینی، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە ڕووداوی وەرگەڕانی پاسی ڕۆژنامەنووسانی ژینگەپارێزدا گیانیان لەدەستدا، ڕایگەیاند کە سەرجەم بەڕێوەبەرە تۆمەتبارەکانی ڕێکخراوی ژینگە و بارەگای نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی ورمێ بێتاوان دەرچوون و شۆفێرەکەش وەک تاوانبار ناسێنراوە.

 

ئەو پارێزەرە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، وتیشی: ناڕەزایی ئێمە لە دەرکردنی فەرمانی خۆگرتن لە بەرامبەر بەرپرسانی بارەگای نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی ورمێ لەلایەن بەڕێوەبەری پارێزگای ئەم بارەگایە ڕەتکرایەوە و جگە لەوەش بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی ژینگەپارێزی ئەو پارێزگایە و سەرۆکی بەشی ژینگە بە تاوانبار دانەنران.

 

بەگوێرەی قسەکانی پارێزەرەکە، دوا وادەی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ئەم سزایە ٢٠ ڕۆژە، تا دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگاکە پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە بکات، وتیشی: شۆفێری پاسە وەرگەڕاوەکەی ڕۆژنامەنووسانی ژینگە بە پێدانی فیدیەی مەهشاد کەریمی، پەیامنێری ئیسنا و ڕەیحانە یاسینی، پەیامنێری ئیرنا و پێدانی فیدیەی بریندارەکان، هەروەها سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

 

جێی ئاماژەیە، بەرەبەیانی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١، نزیکەی ٢٥ ڕۆژنامەنووس لە میدیا ناوخۆییەکان بۆ سەردانی پڕۆژەکانی بارەگای نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی ورمێ دەچوونە پیرانشار، پاسەکەیان بە دووری ١٥ کیلۆمەتر لە پیرانشارەوە وەرگەڕا و هەریەک لە ڕەیحانە یاسینی و مەهشاد کەریمی گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

 

داواکاری گشتی و ئینقلابی ئیسلامی شاری نەغەدە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ڕاگەیاندبوو کە بەدواداچوونە سەرەتاییەکانی وەرگەڕانی پاسی ڕۆژنامەنووسان دەریخستووە، بەرپرسانی پارێزگاکە لەوانە، بەڕێوەبەری گشتی ژینگەپارێزی و بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی پارێزگاکە و بەرپرسی بارەگای نۆژەنکردنەوەی گدەریاچەی ورمێ لەم ڕووەوە کەمتەرخەم بوون و نەیانتوانیوە پاسێکی گونجاو بۆ ڕۆژنامەنووسان دیاریبکەن.