ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: ٥٠٪ی بیناکانی غەززە زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس نزیکەی نیوەی باڵەخانەکانی کەرتی غەززەی وێران کردووە و زۆربەی ناوچەکانی کردووەتە شوێنێکی نادیار.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە، ئاستی وێرانکاری بەهۆی دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیلەوە بووە هۆی ئەوەی کەرتی غەززە لە ناوچەی نیشتەجێبوون دەربچێت، تا کۆتایی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ٣٧ هەزارو ٣٧٩ باڵەخانە ڕووخاون یان زیانیان پێگەیشتووە، کە هاوتایە ١٨٪ی بیناکانی کەرتی غەززە.

 

زانیاری نوێ ئاماژە بەوە دەکات ٥٠٪ی بیناکانی غەززە زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانکراون، ڕامی ئەلعەزە، ئابووریناس لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان "UNCTAD" هۆشداری دا لەوەی تا شەڕی غەززە بەردەوام بێت، کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت.

 

بە بەکارهێنانی وێنەی سەتەلایت و داتای فەرمی، نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی ئەوە دەکات کە ئابووری غەززە لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ٤.٥٪  دابەزیوە، جەنگەکە بە شێوەیەکی بەرچاو خێرایی خراپبوونی خێراتر کردووە و بە ڕێژەی ٢٤٪  دابەزین تۆمار کراوە.

 

پێش دەستپێکردنی جەنگ ٤٥٪ی هێزی کار لە غەززە بێکار بوون بەڵام ژمارەکە لە ناوچە گەمارۆدراوەکە تا مانگی کانوونی یەکەم بەرزبووەوە بۆ نزیکەی ٨٠٪.