دەستگیرکردن لە کەرتی ڕۆژئاوا و کوژرانی دەیان کەس لە غەززە

کەرتی ڕۆژئاوا شاهیدی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن بووە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە و ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و گەنجانی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوای ناوەڕاست چوار کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، بەمەش ژمارەی کوژراوانی کەرتی ڕۆژئاوا لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکان لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گەیشتە ٣٢٦ کەس.

 

هەروەها هێزەکانی ئاسایش هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی بەیت ڕیما لە ڕۆژئاوای ڕامەڵا لە کەرتی ڕۆژئاوا و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، ٢ کەسیان باری تەندروستیان سەختە، لە کاتی دانانی بۆسەیەکدا لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیلەوە چەندین گەنج بریندار بوون، لە شارۆچکەکانی حەلحول لە باکووری خەلیل و یاتا لە باشووری و شارۆچکەی عەزون لە ڕۆژهەڵاتی قەلقیلیا، ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە سەرەتای هێرشەکانەوە بۆ زیاتر لە ٣ هەزار کەس بەرز بوووەوە.

 

دوێنێ بۆردوومانی توندوتیژی بۆسەر شارەکانی ڕەفعە و خان ​​یونس لە باشووری غەززە دەستیپێکردەوە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و لەسەر زۆرێک لە میحوەرەکانیش لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە شەڕ و پێکدادان ڕوویدا، دوو کەس کوژران و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون، لە ئەنجامی هەڵمەتە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خان یونس،خانوویەک لە گەڕەکی ئەلئەمال کرایە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی کەسێک، هاوکات تۆپبارانکردنی ناوچەکانی ناوەندی شار بەردەوامە.

 

لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٢٥ کەس کوژراون، بەمەش ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای هێرشەکانەوە گەیشتە زیاتر لە ٢٢ هەزار و ٤٣٨ کەس، ژمارەی بریندارانیش گەیشتە ٥٧ هەزار و ٦١٤ کەس کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، شەڕیش بووەتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوانی ژێرخان و کارەساتی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.