شاندی ژنانی باکووری کوردستان سەردانی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد

شاندی ژنانی باکووری کوردستان لە درێژی سەردانەکانیاندا بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی ژنان لە باشووری کوردستان، لەگەڵ ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، شاندی ژنانی باکووری کوردستان، کە پێکهاتوقە لە سەباحەت ئەردۆغان، ئەندامی پەڕلەمان لەشاری سێرت، عەدالەت چیمەن، هاوسەرۆکی شارەوانی سلۆپی، گوڵبەهار گوزەل، بەرپرسی ڕێخراوی ژن، نەسلیهان ئاجەر،ئەندامی کۆنگرەی گەلی سیموکرات، گوڵبەهار ئاڵپ سۆی، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، لەگەڵ بەشی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و کۆبوونەوە.

 

لەدوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، نەسلیهان ئاجەر، ئەندامی شاندی ژنانی باکووری کوردستان ئاماژەی بەوەدا، سەردانی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانمان کرد، لەچوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ یەکێتی نەتەوەی ژنانی کورد و ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە سەرشانی ئێمە وەک ژنانی باکوور، تا بتوانین جێبەجێی بکەین، هیودارین ئەم گفتوگۆیانە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

دواتر ساز عەبدوڵا، بەرپرسی ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەدا، هاتنی شاندی ژنانی باکوور بۆلای ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان هێز و ورەمان پێدەبەخشێت و مانایەکی بەرفراوانی هەیە بۆ خەباتی ژنان لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان.

 

وتیشی: لەجیهاندا ژنان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، بەڵام کێشەی ژنی کورد و کێشەی نەتەوەیمان بۆ تێپەڕاندنیان ئەرک و کاری زۆری دەوێت، هیوادارین خەباتێکی سەرتاسەری ژنان دروستبێت لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان.

     

بڕیارە لە درێژەی سەردانیکردنی شاندەکەی ژنانی باکووری کوردستان سەردانی کەسایەتی و ڕێخراوە سیاسییەکانی ژنان بکەن.