پێشانگایەکی پەرتوک لە شاری بۆکان کرایەوە

پێشانگایەکی پەرتوک لە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە، کە پەرتوکی ئەدەبی و هونەری و چەندین پەرتوکی دیکە لەخۆدەگرێت، ئەو کەسانەی دەچنە پێشانگاکە دەڵێن: ئەو فشارەی لەسەر نووسەران دروست بووە، کاریگەری لەسەر بازاڕی پەرتوک هەبووە.

یارا ئەحمەدی

 

بۆکان- سانسۆر، دۆخی ناسەقامگیری ئابووری، تەکنەلۆژیا، دیجیتاڵ میدیا و ... هتد هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئاستی خوێندنەوەی پەرتوکە، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەرتوکی دیجیتاڵی، شێوازی خوێندنەوەی پەرتوکی چاپکراویش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەروەها لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەکان لە ساڵی نوێدا ژمارەی پەرتوک خوێندنەوە کەم دەبێتەوە، بۆیە پێشانگای پەرتوک گرنگە و دەتوانێت سەرنجی منداڵان و گەنجان بەلای خوێندنەوەدا ڕابکێشێت.

 

لە شاری بۆکان بۆنە تایبەتەکان بەڕێوە دەچن

بۆکان یەکێک لەو شارانەیە کە لە بواری هونەریدا چالاکیی تایبەتی تێدا بەڕێوەدەچێت، لەم شارەدا مرۆڤ ئاسەواری هونەر و زانست دەبینێت، پێشانگای پەرتوک بە داشکاندنی تایبەت یەکێکە لەو چالاکییانەی لە شارەکەدا بەڕێوە دەچێت.

 

لە شەقامی هۆڵی سیمۆرگ لە شاری بۆکان پێشەنگایەکی پەرتوک، لە پەرتوکی مێژوو و ئەدەبەوە بۆ پەرتوکی کوردی، لە مێژووی ناوخۆوە بۆ فەلسەفە، لە ئایینەوە بۆ هونەر، دەروونناسی، لە منداڵ و گەنجەوە بۆ ڕۆمان، پەرتوکی تایبەت بە بابەتگەلێکی جۆراوجۆر کرایەوە، بە داشکاندن لە نێوان ١٥-٥٠٪ دەفرۆشرێن و تا کۆتایی مانگ بەردەوام دەبێت.

 

"فشارەکان لەسەر نووسەران کاریگەرییان لەسەر بازاڕی پەرتوک هەبووە"

سەراب، یەکێک لە سەردانیکارانی پێشەنگاکەیە و دەڵێت: بەداخەوە گوشارەکانی سەر نووسەران نەک تەنیا کاریگەری لەسەر بەرهەمە ئەدەبییەکان هەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی بازاڕی پەرتوک لە ئێراندا هەبووە، هەبوونی نمایشی پەرتوکی جۆراوجۆر دەتوانێت هاندەری سەردانیکاران بێت بۆ خوێندنەوەی پەرتوک، بێگومان پەرتوکی چاپکراو، تایپ یان وەرگێڕان بە گشتی باشتر دەفرۆشرێت. لەبەرئەوەی بەرهەمی بەنرخی ژنانی نووسەر و شاعیر لەم جۆرە پێشانگایانەدا جێگیر کرابوون، ناوەندەکانی پەرتوکی ژنان و بەرهەمی ژنانی نووسەران لەو پێشانگایانەدا جێگەی تایبەتیان هەبوو، یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی بنەماڵە و سیستەمی پەروەردە خوێندنەوەی پەرتوک و فێربوونی زانستە بۆ گەنجان، نرخی پەرتوکیش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کڕینی ئەم بەرهەمە لە ئێراندا و بەداخەوە ڕۆژانە نرخی کاغەز گۆڕانکاری بەسەردا دێت.