بۆ یادی ناگیهان ئاکارسەل "ڕۆژانی ژنێرژی" بەڕێوەدەچێت

زەهریبان حسێن، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، سەبارەت بەو زنجیرە چالاکییانەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە یادی ناگیهان ئاکارسەل بەڕێوەدەچن، ڕایگەیاند، بە "ڕۆژانی وزەیژن-ژنێرژی" چالاکییەکانی یادکردنەوە بەڕێوەدەچن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی و ڕۆژنامەنووس، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان بە دەستی میتی تورک و سیخوڕی تیرۆر کرا. لە ساڵیادی تیرۆرکردنیدا ناوەندی ژنۆلۆژی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٢ و ٤ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا "ڕۆژانی ژنێرژی" بەڕێوەدەبات کە چەندین چالاکی لەخۆدەگرێت.

 

زەهریبان حسێن، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، سەبارەت بەو زنجیرە چالاکییانەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە یادی ناگیهان ئاکارسەل بەڕێوەدەچن وتی: شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەل ئازارێکی گەورە بوو بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و هەموو ژنانی ئازادیخواز، ئێمە درکمان بەوەکردووە، دوژمن بە تایبەت دەوڵەتی تورک هەمیشە دەیەوێت بە شێوازی جیاواز پێشەنگەکان بکاتە ئامانج، ئەزمونێکی گەورەمان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان وەرگرت، دوژمن ناتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم بەدیهێنانی ئەو خەونانەی کە ناگیهان ویستویەتی بەدیبهێنێت.

 

چالاکییەکان لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچن

زەهریبان حسێن زنجیرە چالاکییەکانی کە لەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێن بەم شێوەیە خستەڕوو، "ئەو چالاکییانەی کە ئەنجام دەدرێن لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان و بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنانیش لەم چالاکییانەدا بەشدارن، وەک کۆنگرەی ستار، ڕێکخراوی سارا و ...هتد. ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم، لە شاری قامیشلۆ لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەیاننامەیەک دەخوێندرێتەوە و پەیامێک دەگەیەنرێتە نوێنەرایەتییەکە، هەروەها "ڕۆژانی وزەی ژن" لە ٤ی تشرینی دووەمدا لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت و کورتە چیرۆکی ناگیهان ئاکارسەل پێشکەش دەکرێت، هەروەها نمایشی فیلمی 'من نیسانم'، دەنگبێژی، شیعری ژنی کورد'، چیرۆکەکانی خودبوون، شانۆگەری 'ژن، ژیان، ئازادی' و بەرهەمەکانی گروپی ئەلەفتەریا پێشکەش دەکرێن، لە نێوان ٢ بۆ ٤ی تشرینی یەکەمیشدا لە کۆبانێ، شەهبا، تەبقە، مەنبج، حەلەب و دێرک هەمان چالاکییەکان بەڕێوە دەچێت.

 

لە شاری حەلەب کتێبخانەیەک بۆ یادی ئاکارسەل دەکرێتەوە

زەهریبان حسێن سەرنجی بۆ هەوڵەکانی ناگیهان ئاکارسەل بۆ کردنەوەی کتێبخانەکانی ژنان ڕاکێشا و وتی: خەونی شەهید ناگیهان ئاکارسەل ئەوە بوو کە کتێبخانەیەک بە هەست و قەڵەم و بیرکردنەوەی ژنان لە سلێمانی بکاتەوە، پێش شەهیدبوونی ئەم کارەی دەکرد،  ئەم خەونە دوای شەهیدبوونی هاتە دی و کتێبخانەکە لە سلێمانی کرایەوە، ئێستا لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەل، لە شاری حەلەب کتێبخانەیەک بە ناوی ئەوەوە دەکرێتەوە.

 

بە گوێرەی ئاکارسەل وزەی مێینە: ژنێرژی

لە درێژەی قسەکانیدا زەهریبان حسێن سەرنجی بۆ وشەی "ژنێرژی" ڕاکێشا و بەم شێوەیە شی کردەوە، "تێروانینەکانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل زۆر بوون، یەکێکیان ژنێرژی-یە کە بە واتای وزەی مێینە دێت، لەم وزەیەدا هەستکردن و لێکتێگەیشتنی یەکتر هەیە، لای شەهید ناگیهان، دیار بوو کە بەڕاستی لە ژیانی دەوروبەرەکەی تێگەیشتووە و خۆشی دەوێت و هەستی پێکردووە، لە شۆڕشدا گرنگە مرۆڤەکان تا چەند هەست بە یەکتر دەکەن، بۆیە لە ساڵیادەکەیدا، ئەم وشەیەمان بە گونجاوترین زانی بۆ ئەوەی ببێتە ناونیشانی چالاکییەکانمان.

 

"پاراستنی بوون و ناسنامە و زانابوون"

لە کۆتایی قسەکانیدا زەهریبان حسێن پەیامی بۆ ژنان نارد و دەڵێت: بانگەوازی من بۆ هەموو ژنان و بە تایبەت زانا و پێشەنگەکان و ئەوانەی خاوەنداری لە ناگیهان ئاکارسەل دەکەن ئەوەیە، ئێمە دەمانەوێت ژنان لە هەموو شوێنێک پێشەنگایەتی بکەن و کار ئەنجام بدەن و بەبێ ترس و مەترسی بەردەوام بن لە ژیانیان، هەروەها ژنان دەتوانن بە ئاسانی هەست و بیرکردنەوەکانی خۆیان باس بکەن، ئەوەی شەهید ناگیهان لە هەموو ژنێک دەیویست پاراستنی بوون و ناسنامە و زانابوونەوەکەی بوو.