پەرتووکی "باڵی مەیموون"ی تریفە کەریمیان بڵاوکرایەوە

شانۆنامەی "باڵی مەیموون" لە نووسینی تەریفە کەریمیان لە هۆڵی سینەمای بەهمەن لە شاری سنە بڵاوکرایەوە.

هیما ڕاد

 

سنە- لە هۆڵی سینەما بەهمەن لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی شانۆنامەی "باڵی مەیمون" لە نووسینی تریفە کەریمیان، خەڵکی شاری سەقز، بە ئامادەبوونی نووسەران، ئەکتەران و مامۆستایان بەڕێوەچوو.

 

تریفە کەریمیان بۆ نوژنها دوا و وتی: لە ماوەی ڕابردوودا ١٨ شانۆنامەم نووسیوە و لە ئێستادا خوێندکاری ئەدەبیاتی دراماتیکم لە زانکۆی سۆرە لە تاران، هەمیشە هەوڵم داوە بەرهەمەکانم ڕەنگدانەوەی دۆخ و پرسی گەلی کورد بن، ئەم بەرهەمە سێیەم کۆمەڵەی شانۆنامەکانمە، کۆمەڵە شانۆنامەکانیشم لە کتێبێکدا بە ناوی "ڕۆژ ژمێری شارێک" بە هاوکاری ناوەندی کوردستانناسی زانکۆی ئازادی سنە چاپکراوە، لەم بەرهەمە نوێیەشمدا هەوڵم داوە، ئەزموونێکی نوێ لە بواری گونجاندندا بکەم.

 

تریفە کەریمیان دەربارەی نووسینی دەقەکان دەڵێت: نووسین پرۆسەیەکی ناوخۆییە و ڕەگەز ناناسێت و ئەگەر بمەوێت دۆخی خۆم وەک ژنێک پێناسە بکەم، بەم شێوەیە کێشەیەکی لەو شێوەیەم نەدەبوو، چونکە گۆشەیەکی ئارام و قەڵەم و کاغەزێک بەسە بۆ نووسەرێک نەک جیهانی ناوەوە، خۆت بنووسە بەپێی دیدگا و جیهانبینی خۆت، ئەوە تەنانەت دەتوانێت بەربەست شکێن بێت و ڕێگایەک بۆ ژنانی دیکە وەک نمونەیەک دەستەبەر دەکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو نووسەرە دەڵێت: بۆ داهاتوو دەمەوێت شێوازی جیاواز لە نووسیندا تاقی بکەمەوە، ئێستا چەند شانۆنامەیەکم لە چاپدایە و دەمەوێت هەموو شێوازێکی نووسین وەک ئەدەبی مۆدێرن ئەزموون بکەم،

 

لە ڕێوڕەسمەکەدا تریفە کەریمی شانۆنامەکەی لە زمانی کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکەوە خوێندەوە و بە بینەرانی ئاشنا کرد، هەریەک لە پرۆفیسۆران بەیان عەزیزی، سابر نیکبەخت، ئومێد ڤوەرەزندە، جەمال محەمەدی پێداچوونەوەیان بە شانۆنامەکەدا کردووە.

 

بەیان عەزیزی لە بارەی شانۆنامەکەوە وتی: ئەم پەرتووکە بە هیچ شێوەیەک ئاسان نییە، هەروەک چۆن خوێندنەوەی قورسە، نووسینیشی قورس بوو، هەرچەندە لە سێ شانۆنامەکەدا لێکچوون هەیە، بەڵام بە تەواوی لە یەکتر جیان و کارەکتەر و تۆنەکان زاراوەی جیاوازیان هەیە، وەها لە خوێنەر دەکات جدی و ورد بن لە بیرکردنەوەدا.