چوار ژنی کورد لە لیستی ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهاندان

دامەزراوەی بی بی سی بەریتانی لیستی ١٠٠ ژنی کاریگەری لە سەرانسەری جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئاشکرا کرد کە تێیدا چوار ژنی کورد بوونیان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لیستی ١٠٠ ژنی کاریگەر لە جیهاندا پاش دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان لە دەلهی وڵاتی هیندستان و کاریگەرییەکانی ژنان بۆ وەستانەوە بە ڕووی ئەو توندوتیژییانەدا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لەلایەن دامەزراوەی بی بی سی بەریتانی بڵاودەکرێتەوە، ئێستا لە ١٠هەمین ساڵیدا-٢٠٢٢ بەردەوامە و بۆ ئەمساڵیش بەپێی تەوەری ئەمساڵ ١٠٠ ژنی کاریگەر هەڵبژێردراون، کە تیایدا چەندین کورد هەن.

 

لە ١٠یەمین ساڵیدا، لیستەکە لە پێشکەوتنەکانی ژنان دەکۆڵێتەوە، کە چەند هەنگاوی فراوان بۆ مافەکانی ژنان هەڵگیراوە، لەسەر بنەمای کاریگەرییەکانیان بە تایبەت لە ١٢ مانگی ڕابردوودا هەڵبژاردن بۆ ژنان کراوە، ئەوەی دەبینرێت، ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا ناویان هاتووە و ئەو ژنان کە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر سیستم، یاسا، دەسەڵاتی خۆسەپێن و دژ بە دیکتاتۆری تێکۆشانیان کردووە، بەتایبەت لە وڵاتەکانی وەک ئێران، ئۆکرانیا، ئەفغانستان، هیندستان، بەریتانیا و وڵاتانی کیشوەری ئەمریکا و هتد.

 

لەناو لیستەکەدا دەبینرێت ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەماوەی سێ مانگی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی وڵات و ژنانی ئۆکرانیا لەدوای زیاتر لە ١٠ مانگ هێرشی ڕوسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان توانیویانە زۆرترینیان کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی بەرخۆدان و سەرهەڵدانەکان هەبێت.

 

چوار ژنی کورد کاریگەرترین ژنی ساڵن

لەناو ١٠٠ ژنە کاریگەرەکەی جیهاندا بۆ ئەمساڵ، هەریەک لە ژنانی چالاکی وڵاتی ئێران هەن، لەوانە، ئێلناز ڕەکابی-وەرزشکار، نازەنین زەغەری-نوسەر، سپیدە قولیان-چالاکوان، نێرگز محەمەدی-چالاکوان، لەیلی-خۆپیشاندەر، گەوهەر عیشقی-چالاکوانی مەدەنی و دایکی شەهید، نیلوفەر بەیانی، چالاکوانی ژینگەیی، زار ئەمیر ئیبراهیمی، ئەکتەرن، هاوکات چوار ژنی کورد هەن کە ئەمانەن:

 

ڕۆزا ساڵح-سیاسەتمەدار

ڕۆزا ساڵح کچێکی کوردە، لە تەمەنی گەنجیدا ناچاربوون لە باشووری کوردستان کۆچ بکەن و ڕوویان کردە سکۆتلەندا، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢، ڕۆزا ساڵح بووە یەکەم پەنابەر کە بۆ ئەنجومەنی شارۆچکەی گلاسکۆ هەڵبژێردرا، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارتی سۆسیالیستییە بۆ بەشی پۆلۆکی گەورە.

 

ڕۆزا ساڵح لە تەمەنی گەنجییەوە بانگەشەی مافی پەنابەری کردووە و خۆی و هاوڕێکانی قوتابخانە کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی هاوڕێیەکی، هەڵمەتەکەیان، بە ناوی "کچانی گلاسکۆ"وە بوو، سەرنجی نیشتمانیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان ڕاکێشا، هەروەها ڕۆزا بووە دامەزرێنەری سکۆتلەندی سۆلیداریتی لەگەڵ کوردستان، وەک چالاکوانێکی مافی مرۆڤ سەردانی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری کوردستانی کردووە.

 

نیگار مارف- پەرستار

نیگار مارف وەک سەرۆکی پەرستار لە یەکەی سەرەکی سووتاوی لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، کارەکانی نیگار بریتین لە چارەسەرکردنی ئەو ژنانەی کە خۆیان سووتاندووە، کە بووەتە دیاردەیەک وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی لەناو ژنانی گەنجدا، ئەو نزیکەی ٢٥ ساڵە لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکات، چ لە بواری سووتانی منداڵان و چ لە چاودێری چڕدا

 

هەروەها لە بەشی نەخۆشخانەکەیدا چارەسەری ئەو نەخۆشانە دەکات کە بەڕێکەوت تووشی سووتان بوون. زۆرێک لەو ژنانەی کە چارەسەری دەکەن، بەر لەوەی ئاگر لە خۆیان بەربدەن، تووشی دەستدرێژی دەروونی و جەستەیی بوون؛ هەندێکیان تەمەنیان تەمەنی ١٦ ساڵ بوو.

 

زارا محەمەدی- مامۆستا

زارا محەممەدی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، زیاتر لە دە ساڵە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە زێدی خۆی لە شاری سنە تەرخان کردووە.

 

لە دەستووری ئێراندا هاتووە کە بەکارهێنانی زمانی ناوچەیی و نەتەوەیی لە شوێنی خوێندندا بە ئازادی ڕێگەپێدراوە، بەڵام پارێزەران و چالاکوانان دەڵێن ئەمە لە ڕووی کردارییەوە جێبەجێ ناکرێت، بۆیە منداڵان ناتوانن لە قوتابخانە فێری زمانی دایکی خۆیان بن، حکومەتی ئێران زارا محەمەدی بە "پێکهێنانی گروپ و کۆمەڵگە بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" تۆمەتبار کرد و حوکمی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ەوە لە زینداندایە.

 

ڕۆیا پیرەیی-چالاکوان

لە مانگی ئەیلولدا وێنەیەکی ڕۆیا پیرەیی لەسەر گۆڕی دایکی، مینۆ مەجیدی تەمەن ٦٢ ساڵ، کە لە شاری کرماشان کە گەورەترین شاری کوردی زمانە لە ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، بڵاوبووەوە سەرقاڵی ناڕەزایەتی دەربڕین بوو، ڕۆیا بە سەری تاشراوەوە لە تەنیشت گۆڕی دایکی وەستابوو و قژە بڕاوەکەی بە دەستەکانیەوە گرتبوو و سەیری کامێراکەی دەکرد.

 

ڕۆیا لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا-مەهسا ئەمینی، ژنە کوردێکی تەمەن ٢٢ ساڵ، بووەتە یەکێک لەو ڕووخسارانەی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان، دوای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران. لەو کاتەوە ڕۆیا پیرایی چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کەوتووە بۆ ئەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان وەربگرێت.

 

قژ بڕینی ژنان بووەتە بەشێکی لیستەکە

جێی ئاماژەیە ئەو ژنانەی لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە وەک ناڕەزایەتیی بە دروشمی ژن، ژیا، ئازادی دەستیان بە ڕاپەڕین کرد و هەڵمەتی قژ بڕینیان دەستپێکرد، بووەتە بەشێکی سەرەکی لیستەکەی بی بی سی و وەها باس لە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان دەکات:

 

ژنێک قژی دەبڕێت-خۆپیشاندەر، ئێران

ئەمساڵ ناڕەزایەتی بەربڵاو لە ئێران سەریهەڵدا، دوابەدوای گیانلەدەستدانی ژینا-مەحسا ئەمینی ژنە کوردێکی تەمەن ٢٢ ساڵ کە لە ١٣ی ئەیلول لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێسا توندەکانی ئێران کە داوا لە ژنان دەکات قژیان بە حیجاب، یان سەرپۆش بکەن، دەستبەسەر کرابوو .

 

ئەمساڵ ویستمان دان بەو ڕۆڵەدا بنێین کە ژنان لە ناڕەزایەتییەکان و خەباتیان بۆ ئازادییەکانیان و دژی حیجابی ناچاری کردوویانە، قژبڕین بووەتە یەکێک لە سیمبولەکانی بزووتنەوەیەک کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە بۆ کەسایەتییە ناودارەکان و سیاسەتمەداران و کەمپەینکاران.