قوربانیانی مین بەردەوامی هەیە لە هەرێمی کوردستان

بە وتەی بەرێوبەری گشتی دەزگای مینی هەرێم، کەلە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمسال ٢٨ کەس بەهۆی مین و تەقەمەنی بونەتە قوربانی.

ناوەندی هەواڵ

ھەمیشە جەنگ ھۆکاری سەرەکی بووە بۆ بڵاوبونەوەی جۆرەکانی مین لە بەرەکانی جەنگ، و ململانێیە دەرەکی و نێوخۆییەکانیش یارمەتی دەربوون بۆ بڵاوبونەوەی مین لە کوردستان و عێراق، هێشتا ژمارەیەکی زۆری مین لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و رۆژانەش تیمەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان سەرقاڵی پاککردنەوەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام هێشتا قوربانیەکانی مین بەشێکی دانەبراون لە هەوالەکانی رۆژ، بە وتەی بەرێوبەری گشتی دەزگای مینی هەرێم، کەلە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمسال ٢٨ کەس بەهۆی مین و تەقەمەنی بونەتە قوربانی.

مین ڕێژکردنی کوردستان لە پەنجاکانەوە دەستی پێکردوە و بۆ سڕینەوەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی گەلی کورد و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بە چەندەها جۆری جیاوازی تەقەمەنی لەسەر ئەم خاکە تاقیکراوەتەوە، لە ماوەی ئەم ٦٠ ساڵەدا مینی٣٧ وڵات هەرێمی کوردستانیان داڕزاندووە کە زۆربەیان  دروست کراوی ئیتالیا ، ئامریکا و ئیسرائیلن وبە جۆرەھا مینی دژە مرۆڤ و دژەتانک ھەزاران تۆن مەوادی نەتەقاوە و پاشماوە جەنگییەکان بلاوبونەتەوە.

لە هەرێمی كوردستان بە گشتی ٢٥٥ كیلۆ مەتر چوارگۆشە ماوە لە مین و تەقەمەنی پاكبكرێتەوە، لەناو ئەو ڕووبەرەشدا ٤٨ كیلۆ مەتر چوارگۆشەی دەكەوێـتە سنووری بەرێوبەرایەتی مینی هەولێر كە سەرجەمی ئەو روبەرە لە ناوچە سنوریەكانە و بەتایبەت ناوچەی باڵەكایەتەی، بەڵام حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە لە زوو چارەسەرکردن و پوچەڵکردنەوەی مینەکان و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی دەبنە قوربانی بە تایبەت لە ناوچە سنوریەكان تا ئێستا ١٣ هەزار و ٥١٣ کەس بونەتە قوربانی  مین و تەقەمەنیەكان، لە سنوری پارێزگای هەولێر سێ هەزار و ٧٧٣ كەس کە تەنها لە سنوری باڵەكایەتی هەزار دوو قوربانی مین و تەقەمەنی هەبووە.