ژنانی ڕۆژنامەنووسی لوبنان ڕووبەڕووی فشار و نەپاراستن دەبنەوە
لە لوبنان، کە بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت و لەلایەن چەند لایەنێکەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕۆژنامەنووسانیش ڕووبەڕووی هەڕەشە و تۆقاندن و هەراسانکردن دەبنەوە.
لەمیس ناسر ئەبو عەساف
بەیروت- ڕۆژنامەنووسانی ژن لە لوبنان ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە و فشاری لایەنە جیاوازەکان دەبنەوە، چ سیاسی یان کۆمەڵایەتی، جگە لەوەش، لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا ڕووبەڕووی هەڵاواردن و توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە، ئەمەش ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئازادی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، دەستڕاگەیشتن بە هەندێک زانیاری هەبێت.
سارە مەتەر، ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ کە لە ئێستادا ڕووماڵی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکات، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و ئاستەنگی دەبێتەوە، بە تایبەتی لە کاری مەیدانیدا لە پەناگەکاندا، ئاماژەی بەوەکرد، پێکهاتەی گەلی لوبنان سەر بە مەزهەب و حزبەکانە و هەر پەناگەیەکیش سەر بە حزبێک یان مەزهەبێکی دیاریکراوە، کە سەختی لە هەماهەنگیدا دروست دەکات. لایەن هەیە کە ڕێکدەکەون و هەندێکی تریش ڕەتیدەکەنەوە کە ڕۆژنامەنووسان بچنە پەناگەکانەوە، ئەمە جگە لەوەی داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت لەگەڵیان بن تا بزانن چی وێنە دەگرن و دەوەستن و چاودێری قسەی ئاوارەکان دەکەن، بۆ سنووردارکردنی ئازادییان بۆ دەربڕینی ئەوەی کە ئەزموونی دەکەن.
سەبارەت بە مەترسییەکان وتی: کاتێک دەگەینە شوێنی وێنەگرتن، پرسیارمان لێدەکرێت وەک (ئێوە خەڵکی کام هەرێمن و کام لایەنن سەر بە چ لایەنێکن؟) پاشان یان کارەکانمان تەواو دەکەین یان داوای ڕۆشتنمان لێدەکەن، وتیشی: وەک ژنێک ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبینەوە، بەتایبەتی لەلایەن کەسانی کاریگەر، کاتێک ژنە ڕۆژنامەنووسێک دەبینن، هەوڵی ترساندن و سەپاندنی پیاوسالاری خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی نەتوانن لەو بوارەدا کاربکەن، ئەوەی کە لە کاتی کاری مەیدانیدا دەیبینین، کارەساتێکی ڕاستەقینە و مرۆیییە، لەوانەش ئاوارەبوونی منداڵان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ژنان و پیاوان، دۆخی شەڕ و ئاوارەبوون کە هەموو لوبنانییەکانی گرتووەتەوە، ئەگەر ڕێکخراوە قازانج نەویستەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی نەبوایە، قەبارەی کارەساتەکە زۆر لەوە گەورەتر دەبوو، سەرەڕای دۆخەکەش هاوکارییەکان کەمیان هەیە.
"لە ڕۆژانی شەڕو ئاساییدا دەبێت مۆڵەت لە هێزەکان وەربگیرێت"
ڤالێرینا ڕاندۆ، ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی کە ماوەی ساڵێک و ٦ مانگە لە بەیروت کاردەکات، ڕایگەیاند ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە لە وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن و گەیشتن بە ناوچە هەستیارەکان، بەو پێیەی پێویستی بە ڕەزامەندییەکی زۆر هەیە بۆ کارکردن چونکە ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵکراون لەلایەن زیاتر لە هێزێکەوە، تەنانەت لەو ڕۆژانەی کە پەیوەندی بە شەڕەوە نەبوو، ئەو پێویستی بە چەندین مۆڵەت بوو لەو هێزانە، وتیشی: بوونی ڕۆژنامەنووسێکی بیانی وا دەکات خەڵک دەمارگیر بن بەرامبەرمان.
هەروەها ئاماژەی بە جیاوازی کارەکانی پێش شەڕ و دوای شەڕەکە کرد، کە پێش شەڕ کاری لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە کولتوور و ڕەگەز و پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەکرد، بەڵام دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئەم بابەتانە بوونە پلەی دووەم، پێش هێرشەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنە ڕۆژنامەنووسانی بیانی و ناوخۆی دانیشتووی بەیروت ئەنجامداوە، هەموویان باسیان لە مەترسییەکانی ئازاردانی زایەندی کردووە کە لە کاتی کارکردن لە بواری ڕۆژنامەگەریدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە میانی ئەو ژمارە زۆرەی چاوپێکەوتنەکانیشدا کە ئەنجامی داوە، بۆی دەرکەوتووە کە ژنان لەلایەن سەرچاوەکانەوە لە شوێنی کارەکەیان هەراسان کراون و لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا جیاوازە، هەریەکەیان ستراتیژییەکی تایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبووە.
وتیشی: بۆمان دەرکەوت کە دەنگی ژنانی پسپۆڕ زۆرن کە ناخرێنە بەرچاو و ئێمە چاوپێکەوتنمان لەگەڵیان کرد، چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پڕن لە پسپۆڕانی پیاو لە بواری ئابووری و سیاسەت، هەر بۆیە ئێمە دەنگی ئەم ژنانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ژن هاوبەش دەکەین بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و نیشاندانی دەنگێکی بەهێزی ژن لەم سایتانەدا و بەم شێوەیەش خۆمان لە هەراسانکردن دەپارێزین.
ڕۆژنامەنووس ڤالێرینا ڕاندۆ لوبنانی هەڵبژارد، چونکە لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە خوێندوویەتی و فێری زمانی عەرەبی بووە و لە لوبنان هەلی کارێکی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا دۆزیوەتەوە، بەبێ گوێدانە ڕەخنە و چیرۆکەکانی سەرکوتکردن لەو وڵاتەدا.