"تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان دەبێتە هۆی تێکشکاندنی ڕژێم"

هێڤین ڕەشید، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی عەفرین-شەهبا، ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاری لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی لە ڕێگەی خەباتی ژنانەوە هەڵوەشاوەتەوەو  بۆ لابردنی هەموو بڕیارەکانی لەسێدارەدان، تێکۆشانێکی چالاک پێویستە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دژی سیاسەت و سیستمی پیاوسالاری دەوڵەتی ئێران لەسەر ژنان و دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ژنانی ئێران دوو ساڵە لە سەرهەڵداندان و چیتر سیاسەتی لەناوبردن و قڕکردن قبوڵ ناکەن، بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەجوڵێن و چالاکییەکانیان ڕێکدەخەن، ڕژێمی ئێران زۆر هەوڵیدا بە گرتنی ژنان و دەستبەسەرکردنیان کۆتایی بەم شۆڕشە بهێنێت، بەڵام ئەو کردارانەی بەرامبەر ژنان لە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نەگرت  و لق و پۆپەکانی لە هەموو جیهاندا بڵاوکردەوە.

 

ئەو ژنە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕاستی دەوڵەتی ئێرانیان ئاشکرا کرد، دەستبەسەر و ئەشکەنجە و سزای لەسێدارە دانیان بەسەردا سەپێندرا، ڕۆژنامەنووس شەریفە محەمەدی و چالاکوان پەخشان عەزیزی، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ بە هۆکاری جیاواز گیراون و سزای لەسیدارە دانیان بەسەردا سەپێندراوە، بەشێکن لەو ژنانە.

 

لە ئەنجامی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان، ڕژێمی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی لە ١٢ی تشرینی یەکەم هەڵوەشاندەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵنەوەشاندووەتەوە، جگە لەوەش بەهۆی کردەوە و ئەشکەنجەدانی ژنان و زیادبوونی بڕیاری لەسێدارەدانیان لە زیندانەکانی ئێران، وریشە مورادی، سیاسەتمەداری کورد بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە کردەوەکانی دژ بە ژنان و ئازادکردنیان لە زیندانەکان مانگرتنێکی نادیاری دەستیپێکردو لە ٢٩ی تشرینی یەکەم بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە کۆتایی بە مانگرتنەکە هێنا، سەدان ژن کە داوای ئازادی خۆیان دەکرد، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە زیندانی کران.

 

سەبارەت بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و بڕیارەکانی ڕژێمی ئێران لە دژی ژنان، هێڤین ڕەشید، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی عەفرین-شەهبا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"پێویستی بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەبوو"

 لە سەرەتای قسەکانیدا، هێڤین ڕەشید تیشکی خستە سەر دۆزی ژن لە کوردستان و گرنگی شۆڕشی ئازادی و درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: لە سەرانسەری کوردستان و جیهاندا ڕووداوی دژ بە ژنان زۆر ڕوودەدەن، بەڵام ئەو دۆزەی کە ژنانیش دەگرێتەوە، دەبێتە کانیاوی هەموو دۆزەکان، بۆ هەموو ئەو کێشانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن پێویست بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شۆڕشێکی نوێ بونیاد بنرێت و وەک شۆڕشی ژنان پێناسەی بکرێت و ئەم شۆڕشە دەبێت شۆڕشێک بێت کە بتوانێت عەقڵیەت و مێشکی ئەو پیاوانە بگۆڕێت کە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ژناندا بەکارهێناوە، ئەو سیاسەت و سیستمەی کە مافەی ژنان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لەناودەبات دوورنییە لەو سیاسەتانەی کە لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا جێبەجی دەکرێن،  لەسەر ئەو بنەمایە پێویستی بە بونیادنانی شۆڕشێک لە ڕۆژئاوا هەبوو و لە یەکەم ساتەکانی ئەم شۆڕشەدا وەک شۆڕشی ژنان پێناسە کرا، شۆڕشی ڕۆژئاوا پردی ئازادی بۆ ژنان کردەوە و ئەم شۆڕشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.

 

"ئەو ژنانەی داوای ئازادی و دیموکراسی دەکەن دەستبەسەر دەکرێن"

هێڤین ڕەشید لە قسەکانیدا سەرنجی بۆ شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتیان لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە ژنان ڕاکێشا و وتی: زیاتر لە دوو ساڵە شۆڕشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووەو لە هەموو جیهاندا بە شۆڕشی ژنان پێناسە کراوە، چونکە لە ڕێگەی ئەم شۆڕشانەوە ژن لە کۆیلایەتی دەوڵەتەکان ڕزگاری دەبێت، ژنان لە هەموو شۆڕشێکدا زیاتر دەکرێنە ئامانج، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ئاگری شۆڕش لە ڕۆژهەڵات گەشەی کرد، لە سیستمی سیاسی دەوڵەتی ئێراندا زۆر کردەوەی دڕندانە لە دژی ژنان ئەنجامدرا، هەر لە دیلبوون، ئەشکەنجەدان، دەستبەسەرکردن تا ڕادەستکردن، هەموو جۆرە بێ ڕەوشتییەک لە دژی مرۆڤەکان ئەنجام دەدرا، ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان کە داوای مافی ژنان دەکەن و داوای ئازادی دەکەن، لە لایەن سیستمی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێن و سزا دەدرێن، لە هەمان کاتدا بڕیاری لە سێدارەدان لە دژی ئەوان دەدرێت، لە کەسایەتی شەریفە محەمەدی، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و سەدان ژن لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران، سزای لەسێدارەدان و سزای هەتاهەتایی بەسەریاندا دەسەپێندرێت.

 

"تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان کۆتایی بە دەسەلاتداریی دەهێنێت"

هێڤین ڕەشید لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، تێکۆشانی ژنان کۆتایی بە دەسەڵات و سیستمەکان دەهێنێت و بەم شێوەیە وتی: بڕیاری لە سێدارەدانی هەردوو ژنە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی لەلایەن ژنان لە سەرانسەری کوردستان و جیهان ڕەتکرایەوە، ڕۆژانە ژنان لە مەیدانەکاندا چالاکیی ئەنجام دەدەن و لە شەقامەکان دژی بڕیاری لەسێدارەدانی ژنانن، هەروەها لە سایەی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژئاواوە بۆ جیهان بەگشتی بڕیاری لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەگەر ژنان خاوەنی ئیرادە و سەروەت و سامان و هەروەها فەلسەفەی ئازادی خۆیان بن، بە دڵنیاییەوە دەگەنە ئامانجەکانیان، ئەم خەباتە ڕێگەی دا فشارێک لەسەر ڕژێمی ئێران دروست ببێت، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە بنکەکەی لە ڕۆژئاوا بوو، پاشان گەیشتە ڕۆژهەڵات، ئێستا بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، لە ژێر ئەم دروشمەدا ژنان لە حکومەت ڕاپەرین، پێویستە ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە فشارەکانی دەوڵەتان بهێنین.

 

"فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی دەبێتە هۆی ڕزگاری ژن"

 هێڤێنین ڕەشید ئاماژەی بەوەکرد، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە فشارەکانی دەوڵەتی ئێران لە زیندانەکاندا، وریشە مورادی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە و بە چالاکییەکان پشتیوانی لە مانگرتنەکەی وریشە مورادی دەکەن و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: دژی ئەو عەقڵیەتەی کە ئیرادەی ژن دەچەوسێنێتەوە و نایەوێت بۆچوونی ژنانی ئازاد گەشە بکات، دەنگمان بەرزتر دەبێت و خەباتمان گەورەتر دەبێت، لە بەرامبەر توندوتیژیەکانی ڕژێمی ئێران لە زیندانەکان و ئەو کارە جۆراوجۆرانەی کە لە دژی مافی ژنانی زیندانیان ئەنجام دەدرێن، وریشە مورادی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم فشارانە و ئازادکردنی هەموو ژنان لە زیندانەکان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، دەبێت نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لەهەموو جیهان دەنگ بەرز بکەنەوەو داوای ئازادی خۆیان بکەن، لە هەمان کاتدا یەکگرتوویی ژنان لە جیهاندا کۆتایی بە دەسەلاتداریی دەهێنێت، ئێمە وەک ژنانی ڕۆژئاوا بە چالاکییەکانمان پشتیوانی لە کارەکەی وریشە مورادی دەکەین، فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی دەبێتە ڕزگاری هەموو ژنانی ستەملێکراو.