مانگرتنی دەرمانی سەروناز ئەحمەدی کۆتایی هات

سەروناز ئەحمەدی، کە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داوای مۆڵەتی پزیشکی، دەستی بە مانگرتن لە دەرمان کردبوو، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ناوەەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٦ تشرینی یەکەم، سودابە بلالی دایکی سەروناز ئەحمەدی وەرگێڕ، چالاکی مافی منداڵان، توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەڤین، کۆتایی هاتنی مانگرتنی دەرمانی کچەکەی ڕاگەیاند.

 

دایکی سەروناز ئەحمەدی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، کچەکەی دوای ٣٠ ڕۆژ لە مانگرتن، دوای ئەوەی ڕەزامەندی سەرەتایی داواکارییەکەی بۆ مۆڵەتی پزیشکی و لەبەر ڕێزگرتن لە هاوڕێکانی وەرگرتووە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە و جارێکی دیکە دەستی بە خواردنی دەرمانەکانی کردووەتەوە.

 

سەروناز ئەحمەدی لە ناڕەزایەتی بەرامبەر شێوازی چارەسەری پزیشکی و ڕێگریکردن لە ناردنی بۆ مۆڵەتی پزیشکی، ڕۆژی شەممە ٧ ئەیلوول، دەستی بە مانگرتنی دەرمان کرد.

 

پێشتریش لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین، سەروناز ئەحمەدی تووشی " ترس و دڵەڕاوکێ" بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، پزیشکەکانیش ڕایانگەیاند کە گومان دەکرێت نەخۆشیی ئەو زیندانییە سیاسییە نەخۆشیی سەرع بێت و پێویستە  لە دەرەوەی زیندان چارەسەری پزیشکی بکرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕێگرییان لێکرد کە بە مۆڵەتی پزیشکی ڕەوانەی بکرێت.

 

سەروناز ئەحمەدی  لە ٢٧ نیسانی ٢٠٢٣ لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، دەستبەسەرکرا و لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە  ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی سزادرا.