ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٧٢ ڕۆژنامەنووس

ماوەی ١٠ مانگە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە و ترسناکترین کۆمەڵکوژییان لە دژی فەلەستینییەکان ئەنجامداوە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە خەڵکی ئاوارە داڵدە دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنەی لێکەوتەوە، و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٨٥%ی دانیشتووانی کەرتی غەززە کە دەکاتە ١.٩ ملیۆن کەس.

 

ئەمڕۆ ٢٨ی ئاب، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی جینۆساید لە کەرتی غەززە، دوای کوژرانی ڕۆژنامەنووس محەمەد عەبدولفەتاح عەبد، ژمارەی کوژراوانی ڕۆژنامەنووس بۆ ١٧٢ڕۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندن بە ئامانجگرتن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ئیدانە کردو بە بەرپرسیاری زانی لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونە.

 

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە لە ڕاپۆرتی ئاماری ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، ژمارەی زیانبەرکەوتووانی شەڕی بەردەوام بۆ ٤٠ هەزار و ٥٣٤ کوژراو بەرزبووەتەوە، هاوکات لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە ٩٣ هەزار و ٧٧٨ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئیسرائیل چوار کۆمەڵکوژییان لەدژی خێزانەکان ئەنجامداوە، لەو ژمارەیەش ٥٨ گیان لەدەستدان و ١٣١ بریندار لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان، ژمارەیەک زیانبەرکەوتووش هێشتا لەژێر داروپەردوودا و لەسەر ڕێگاکانن، هەروەها ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تیمەکانی بەرگری شارستانی ناتوانن بگەنە لایان.