شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کاردانەوەی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشان دا
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری مەکتەبی سیاسی یەنەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان کاردانەوەی نیشان دا.
ناوەندی هەواڵ
کاردانەوەکان لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە دژی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری مەکتەبی سیاسی یەنەکە، لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی پەیامێکی سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی: ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە یان بەغدا و ئەنقەرەدا هەبوو، پێویستە سەرەتا خەڵک توڕەیی بۆ دەسەڵاتی عێراقی یان کوردی دەرببڕێت, بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە نەبێت، ئایا پێویست ناکات تورکیا وەک داگیرکەرێک ببینین؟ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی عێراق بەردەوامە، هەموو ڕۆژێک سەیری دیمەنی ڕاستەوخۆی هێرشەکانی سەربازانی تورکیا دەکەین بۆ سەر گوندەکانی کورد و ئاشووری، بەپێی ئاماری باوەڕپێکراوی ڕێکخراوی چاودێری و مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، سوپای تورکیا بە دووری ١٥ کم چووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ٢٣٨ بۆردومانیان ئەنجامداوە کە زۆربەیان لە شاری دھۆک بووە، هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان ناچارن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە، لانیکەم ٦٠٢ گوند مەترسییان لەسەرە، هەروەها قوتابخانەیەک و کڵێسایەکی ئاشوریی لە هێرشەکاندا وێران بوون.